" لە زۆر لایەنەوە فشارمان لەسەرە"

وه‌زیری نه‌وتی عێراق ده‌ستی له‌كار نه‌كێشاوه‌ته‌وه‌

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

وه‌زیری نه‌وتی عێراق باسم محه‌مه‌د خزه‌ییر ره‌تیكرده‌وه‌ ده‌ستی له‌كار كێشابێته‌وه‌ و ئه‌م هه‌واڵانه‌شی له‌م باره‌وه‌ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، به‌ بێ بنه‌ما و ناڕاست وه‌سف كرد.

وه‌زیری نه‌وتی عێراق ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 23.11.2026 بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراق قسه‌ی كرد و ده‌ڵێت، ئەو بەرپرسیاریه‌تییەی له‌ ئه‌ستۆیان گرتووه‌، ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقییان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت بۆ پاراستنی سامانی نەوتی وڵات و جێبەجێکردنی پرەنسیپی دانانی کەسی شیاو لە پێگەی گونجاو و بەردەوامبوون لە چارەسەرکردنی گەندەڵی لەناو وەزارەتدا.

ئاماژەی بەوەش کردووه‌، “ئەم هەنگاوانە ئاسان نین، بەو پێیەی لە زۆر لایەنەوە فشارمان لەسەرە، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی لە جێبەجێکردنی ئەرکی پیشەیی و نیشتمانی خۆمان دوور بخەینەوە”.

وه‌زیری نه‌وت روونیشی کردەوە، “هەڵسەنگاندنی ئەدای وەزیری نەوت و وەزارەت لە ئەستۆی حکومەت دەمێنێتەوە و لەسەر بنەمای ئەو بەرهەم و دەستکەوتانەی وەزارەت لەسەر زەوی بەدیی دەهێنن، دەپێورێت”.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی بڵاوبوونەتەوە، باسم محه‌مه‌د جەختی لەوە کردەوە، کە پرسی دەستلەکارکێشانەوەی بە تەواوی بێ بنەمایە، جەختیشی لەوە کردەوە، “من بەرپرسیاریه‌تیم لە ئەستۆ دەگرم، کاتێک بڕیارمدا لە داهاتوودا دەست لەکاربکێشمه‌وه‌، بە ئاشکرا لەبەردەم حکومەت و تەنانەت لە میدیاکانیشدا رایدەگەیەنم، ئەم بڕیارەش بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە ئاستی ئەدای کارکردنم و رۆژانی داهاتوو ئاشکرای دەکات”.

ئەم دەنگۆیانە دوای ئەوە هات، کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی عێراقی بڵاویکردەوە، عەلی زەیدید سەرۆکوەزیران تاوتوێی دوورخستنەوەی هەریەک لە باسم محەمەد، وەزیری نەوت و مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندن دەکات لە چوارچێوەی هەموارێکی چاوەڕوانکراوی کابینەی حکومەتدا