زۆربەیان بیانین

بە بەشداریی 286 کۆمپانیا، گەورەترین پێشانگای بازرگانیی عێراق لە هەولێر کرایەوە

964+

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

پێشانگای ئەگرۆ پاک، کە گەورەترین پێشانگای بازرگانییە لە عێراق، بۆ نۆیەمین ساڵ لە شاری هەولێر کرایەوە و ئیتاڵیاش بۆ یەکەمین جار تێیدا بەشدارە.

پێشانگاکە ئەمڕۆ دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی سێ رۆژ تا رێکەوتی 26ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، تێیدا بەرهەمە شیرەمەنییەکانی وەک ماست، پەنیر، دۆ و ماستاو، لەگەڵ کۆمپانیاکانی بواری بەستەبەندی و لەکیسکردنی ئەو بەرهەمانە نمایشکراون.

لە پێشانگای ئەمساڵدا 286 کۆمپانیا بەشدارییان کردووە، کە 216 کۆمپانیایان بیانین و 70 کۆمپانیاشیان ناوخۆیین لە کوردستانەوە.
لە نێو وڵاتە بەشداربووەکاندا تورکیا بە 71 کۆمپانیا زۆرترین بەشداریی هەیە، دوای ئەویش ئێران بە 39 کۆمپانیا، چین بە 31 کۆمپانیا و هندستان بە 29 کۆمپانیا دێن، هاوکات بۆ یەکەمین جاریش ئیتاڵیا بەشداری لە پێشانگاکەدا کردووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح