بازاڕی هه‌ولێر
هێشتا درێسی كریستیانۆ رۆناڵدۆ خواستی زۆری له‌سه‌ره
كۆسره‌ت ئه‌حمه‌د – هه‌ولێر
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆ سوپه‌رستاری تۆپی پێ وازی له هه‌ڵبژارده‌كه‌ی هێناوه، به‌ڵام هێشتا درێسه‌كانی له بازاڕی جلوبه‌رگی وه‌رزشی له هه‌ولێر، خواستی زۆری له‌سه‌ره و له‌گه‌ڵ درێسی مێسی مشته‌ریی خۆیان هه‌یه.
له هه‌ولێر بازاڕێكی دێرین هه‌یه به ناوی “ئه‌سواق هه‌ولێر” له دامێنی قه‌ڵا و له نزیك باڵه‌خانه‌ی پارێزگایه، نهۆمی سه‌ره‌وه‌ی جلی پیاوان ده‌فرۆشن و نهۆمی ژێره‌وه‌شی تایبه‌ته به جلوبه‌رگ و كه‌لوپه‌لی وه‌رزشی.
964 ئه‌مڕۆ سه‌ردانی بازاڕه‌كه‌ی كرد و پرسیاری درێسی رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ی پۆرتوگالیی كرد، به تایبه‌تی دوای وازهێنانی له هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی.
كارزان جه‌عفه‌ر، خاوه‌ن دوكانی فرۆشتنی جلی وه‌رزشییه و به 964ی وت، هێشتا خواست له‌سه‌ر درێسه‌كانی رۆناڵدۆ زۆره و داواكاری هه‌یه، به تایبه‌تی درێسی هه‌ڵبژارده‌ی پۆرتوگال و درێسی یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد.
رۆناڵدۆ، كه خه‌ریكه ده‌بێته 42 ساڵ، جگه له هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی، پێشتر له یانه‌كانی سپۆرتینگ لیشبۆنه‌ی پۆرتوگالی، مانچێسته‌ر یونایتدی ئینگلیزی، ریال مه‌دریدی ئیسپانی و یوڤێنتۆسی ئیتالی یاریی كردووه، ئێستاش له یانه‌ی نه‌سڕی سعودیه یاریی ده‌كات.
كارزان ده‌ڵێت، رۆناڵدۆ مێژوویه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه و هه‌میشه له یاده‌وه‌ری وه‌رزشدۆستان ده‌مێنێته‌وه و له‌گه‌ڵ لیۆنێل مێسی، تۆپی پێیه‌كی جوانیان پێشكه‌شی دنیا كرد، بۆیه درێسی هه‌ردووكیان هێشتا فرۆشی هه‌یه.
ئه‌و ده‌ڵێت، هانده‌رانی رۆناڵدۆ زیاتر داوای ئه‌و درێسه ده‌كه‌ن، كه له یانه‌ی مانچێسته‌ر ده‌یپۆشی، كه ئه‌وان لای خۆیان پێی ده‌ڵێن درێسی كلاسیكی.
رۆناڵدۆ دوای 23 ساڵ یاریكردن بۆ هه‌ڵبژارده‌ی پۆرتوگال، سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه وازهێنانی له هه‌ڵبژارده‌كه‌ی راگه‌یاند و دڵی شكا، دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ راهێنه‌ره‌كه‌ی تووشی كێشه بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ یانه‌ی نه‌سڕی سعودی له یاریكردن هێشتا به‌رده‌وامه.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا