دوای شەڕی عێراق بۆ یەکەمجارە سێ کەشتی پێکەوە دێنە ناوچەکە

کەشتییەکی جەنگی دیکەی ئەمریکا گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

شۆڕش قادری

کەشتیە زەبەلاحەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبوونەوە و ئەوەش ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی کە دەستپێکردنەوەی شەڕە قورسەکە زۆر نزیکە، چونکە لە دوای شەڕی عێراقەوە ئەوە بۆ یەکەمجارە سێ کەشتی جەنگی ئەمریکا پێکەوە دێنە ناوچەکە.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، کەشتیی زەبەلاحی فڕۆکەهەڵگری ئەتۆمیی “تیۆدۆر رۆزڤێڵت” گەیشتووەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چووەتە پاڵ هەردوو کەشتیی “جۆرج ئێچ دەبلیو بوش” و “جۆرج واشنتن”، بەمەش ژمارەیان بووە بە سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگر لە ناوچەکەدا.

لە ساڵی 2003ـەوە و دوای هێرش کردنەسەر عێراق، ئەوە بۆ یەکەمجارە ئەمریکا سێ کەشی جەنگی پێکەوە دێنێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم کەشتییە لە 9ـی ئەم مانگەوە و لە وڵاتی سەنگافورەوە بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتووە؛ ئەوەش لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە گەرووی هورمز و سنوورە ئاوییەکانی ئێران لە پەرەسەندن دایە و دەستپێکردنەوەی پێکدادانی نێوان تاران و واشنتن لە ئانوساتدایە، بەپێی راگەیەنراوێکی سوپای پاسداران، تەنیا ئەمڕۆ و دوێنێ زیاتر لە شەش کەشتی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز بەرمین کەوتوون و ئاگریان تێبەربووە.