پەیامنێرى 964 گەیشتە سەرى

دووەم حاڵەتی رشتنی ماددە رەشەکە لە سنووری شارەزوور دۆزرایەوە

بڕوا مەجید- شارەزوور

ماددە رەشەکە دیسانەوە بەرۆکی شارەزووری گرتەوە و دوای ئەوەی بەیانیی ئەمڕۆ حاڵەتێک لە نزیک زەڕایەن تۆمار کرا، ئێوارەکەی دووەم حاڵەتی رشتنی هەمان ماددە لەسەر رێگای ناحیەی زەڕایەن بۆ دەربەندیخان و لە نزیک گوندی قلیجە دۆزرایەوە.
پەیامنێری 964 گەیشتووەتە شوێنی دووەم رووداو لە نزیک گوندی قلیجە، کە تێیدا ماددە رەشەکە رژێندراوە و جۆگەلەی بەستووە. ئەمەش لە کاتێکدایە هەر بەیانیی ئەمڕۆ یەکەم حاڵەتی رشتنی ماددەکە لە نزیک شەقامی زەڕایەن بۆ دەربەندیخان، لە ناو زەوییەکی کشتوکاڵی و لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان بینرابوو.
بڕوا مەجید، پەیامنێری 964 لە شارەزوور کە چووەتە شوێنی رووداوەکە و وێنە و ڤیدیۆی ماددەکەی تۆمار کردووە، ئاماژە بەوە دەکات ماددەکە وەک تێزاب دەردەکەوێت، بۆنێکی ناخۆشی هەیە و مەترسیی بۆ سەر ژینگەی ناوچەکە دروست کردووە.
سەرەڕای ئەوەش، تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی رژانی ئەو ماددە رەشە رانەگەیاندووە.

رێک ساڵێک و 12 رۆژ لەمەوبەر، 964 وەک یەکەم میدیا رژانی ماددە رەشەکەی لە سنووری شارەزوور بڵاوکردەوە و ئەمساڵیش بە هەمان شێوە یەکەم میدیایە رشتنی ماددەکە بڵاودەکاتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح