شەوی رابردوو چی روویدا؟

قەیرانی ئاسمانیی ئەمریکا و هۆشدارییەکانی ئیسرائیل و ئێران

پەری ساڵح

گەڕانی زۆری ناوێت، کورت و پوخت لە چەند کاتژمێری رابردوودا گرنگترین هەواڵەکانی ناوخۆ و جیهان ئەمەیە:

📌هاوڵاتییەک لەکاتی کێڵانی زەوییەکەی لە سنووری چەمچەماڵ گیانی لەدەستدا، بە وتەی شایەتحاڵەکان بەهۆی وەرگەڕانی تراکتۆرەکەی گیانی لەدەستداوە، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو لە چەمچەماڵ بۆ 964 پشتی راستی کردەوە.

📌عەلی زەیدی، لەسەر دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە جورف سەخر 9 فەرماندە و بەڕێوەبەری لە بابل دوورخستەوە

📌ئەوانەی زەیدی دووریخستووە؛ فەرماندەی پۆلیس و بەڕێوەبەری پۆلیسی باکوور، بەڕێوەبەری هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر،بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی لە بابل، بەڕێوەبەری هەواڵگری و ئاسایش لە وەزارەتی بەرگری، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری و فەرماندەی حەشدی شەعبی و لیوای شەشەمی پۆلیسی وزە لە وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵەکانی بۆری نەوت لە وەزارەتی نەوت

📌سوپای پاسداران: بە شەش درۆن سیستمێکی راداری ئەمریکایان لە بنکەی سەربازیی رفاع لە بەحرەین بەئامانج گرتووە

📌سوپای پاسداران : کە لە ئەنجامی بەرکەوتنیان بە مین، دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سەرپێچیکار لە باشووری گەرووی هورمز تەقینەوە.

📌قالیباف: هیچ بۆمان گرنگ نییە کە ئەمریکا دەیەوێ دانوستان بکات یان شەڕ، ئەگەر حەوت مەرجەکانی ئێمە قبوڵ بکات، ئەوا رێگای رێککەوتن کراوەیە، ئەگەریش ئەمجارە ئەمریکییەکان هەڵەیەک بکەن، توانا و ئیرادەی هێزە چەکدارەکانمان جوگرافیای جەنگ دیاری دەکات و شەڕەکە یەکلایی دەکاتەوە.

📌 ناتەنیاهۆ: رژێمی ئێران دووبارە کار بۆ زیندوکردنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی دەکات و دەبێت یەکجار بۆ هەتا هەتایە کۆتایی بە هەڕەشەکانی بهێنین.

📌نەتەنیاهۆ: ئەگەر رژێمی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆم، بێ دوودڵی لەدژی ئیسرائیل بەکاریدەهێنێت.

📌ناتەنیاهۆ داوای لە ئایزنکۆت کرد ناکۆکیەکان وەلا بنێت و پێکەوە کۆببنەوە، وتیشی: باوەڕم وایە پێویستە حکومەتێکی یەکگرتووی نیشتمانی پێکبهێنین.

📌گادی ئایزنکۆت لە تۆڕی ئێکس وەڵامی پەیامەکەی ناتەنیاهۆی دایەوە و وتی: بانگهێشتکردنەکەی ئەمڕۆی ناتەنیاهۆ بۆ میدیاکان، کە تێیدا داوای کۆبوونەوەی کردووە بۆ دانوستان، تەنیا جوڵەیەکی سیاسییە، خۆی دەزانێت کە پێشوەختە کات بۆ کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە دیاریکراوە.

📌رۆژنامەی ئیسرائیل هەیۆم دەڵێت، ئیسرائیل زانیاریی هەواڵگریی بە ئەمریکا داوە کە ئێران لە پلانیدایە ترەمپ و بەرپرسە باڵاکانی کۆشکی سپی بە درۆن بەئامانج بگرێت، مۆساد زانیارییەکانی بە دەزگای سی ئای ئەی داوە و واشنتنیش داوای کردووە مۆساد زانیارییەکان پشتڕاست بکاتەوە

📌سعودیە: تێکشکاندن و خستنەخوارەوەی دوو مووشەکی بالیستیی راگەیاند کە لەلایەن حو*سییە*کانەوە بەرەو ریاز ئاڕاستە کرابوون.

📌یسرائیل کاتس (وەزیری بەرگریی ئیسرائیل): لەسەر کوژرانی ئەبو یونس لە خان یونس رایگەیاند کە سوپا بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی حە*ما*س لە غەز*زە.

📌رۆیتەرز: زیاتر لە 10 هەزار گەشتی ئاسمانی لە ئەمریکا دوێنێ دواخراون یان هەڵوەشێنراونەتەوە، لەکاتێکدا کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کار بۆ گەڕانەوە بۆ خشتەی ئاسایی خۆیان دەکەن.

📌سی ئێن ئێن (لە زاری کۆمپانیای سیریۆمەوە): ئەو گەشتانەی رۆژی شەممە هەڵوەشێنراونەتەوە دەکاتە نزیکەی چارەکێکی کۆی گەشتە بڕیارلێدراوەکانی فڕۆکەخانەکانی ئەمریکا (کە زیاتر لە 5 هەزار گەشتی ناوخۆیی و دەرەکی دەگرێتەوە).

📌نیویۆرک تایمز: گەشتیاران لە ئەمریکا دوای تێکچوونی گەشتە ئاسمانییەکان پەنایان بۆ شەمەندەفەر، ئۆتۆمبێل و تەنانەت بارهەڵگرەکانی گواستنەوەی کەلوپەلیش بردووە.

📌جارید کوشنەر، بازرگان و راوێژکاری سیاسیی ئەمریکا رایگەیاند کە هەردوو لایەنی رووسیا و ئۆکراینا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە پێویستە هەردوولا سازش و نەرمی نواندنی کردەیی بنوێنن، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە خۆی و ستیڤ ویتکۆف لە پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوام و نزیکدان لەگەڵ هەریەک لە رووسیا، ئۆکراینا و وڵاتانی ئەورووپا بۆ دیاریکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو.