کەرکوک

لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای پردێ شەش کەس گیانیان لەدەستدا

964+

کاروان ساڵحی

لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای نێوان کەرکوک – پردێ، شەش کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری 964، ئەم ئێوارەیە لە نزیک گوندی (گوزە) لەسەر رێگای کەرکوک – پردێ، رووداوێکی هاتوچۆی سەخت لە نێوان چەند ئۆتۆمبێلێکدا روویدا.

سامان یابە، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکوک، بە 964ـی راگەیاند؛لە ئەنجامی رووداوەکەدا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون و سەرجەمیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری کەرکوک کراون.

بەوتەی پۆلیسی هاتوچۆ، رووداوەکە بەهۆی ئەوەوە دروست بووە کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب بە پێچەوانەی ئاراستەی شەقامەکە رۆیشتووە، ئەمەش بووەتە هۆی پێکدادانی لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا کە لە سایدی بەرامبەرەوە هاتووە و خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (کادیلاک).

پێداچوونەوە: پەری ساڵح