لە گوندێکی قەڵادزی
بەهۆی پێشبڕکێی دوو ئۆتۆمبێلی بێسەرەتاوە چوار کەس بریندار بوون
964+
ئەحمەد محەمەد
لە سنووری قەزای پشدەر، پێشبڕکێی نێوان دوو ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا رووداوێکی سەختی هاتوچۆی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە چوار هاوڵاتی بریندار بوون، کە برینی دووانیان سەختە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری 964، رووداوەکە لە نزیک گوندی (سەید ئەحمەدان) لە سنووری قەڵادزێ روویداوە، دوای ئەوەی دوو ئۆتۆمبێلی جۆری (تۆیۆتا لاندکرۆزەر – شاهینە)ی بێسەرەتا پێشبڕکێیان کردووە.
شایەتحاڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە کاتی پێشبڕکێکەدا یەکێک لە شۆفێرەکان کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەستداوە و بە توندی خۆی بە ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە جۆری (مێکزەمینی)ـدا کێشاوە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی دیکەش شوێنی رووداوەکەی جێهێشتووە و هەڵاتووە.
لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا چوار کەس بریندار بوون؛ بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە، دوو لە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی کراون بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی پێویست.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح