دوێنێ شەو چی روویدا؟

ترەمپ هۆشداریی سەربازیی بۆ ئێران نارد و خزمەتگوزاریی مایکرۆسۆفتیش لە 74 وڵات پچڕا

ژووری هەواڵ

کۆتایی هەفتەیە و پێویست ناکا لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە بەدوای هەوڵدا بگەڕێی لێرە کورت و پوخت بیخوێنەوە دوێنێ شەو چی روویدا:

📌بەپێی ئاژانسی هەواڵی عێراق، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی داوە لیژنەیەکی باڵا پێکبهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت لە جورف ئەلنەسرەوە.

📌دوای کۆبوونەوەکەی دوێنێی نێوان بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل و گادی ئایزنکۆت، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، لێکدانەوەی جیاواز هەیە لەبارەی ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا چی باس کراوە و ئایا ئەنجامدانی هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران پێویستییەکی بەپەلەیە یان نا.

📌پچڕانی خزمەتگوزاریی مایکرۆسۆفت 74 وڵات و ناوچەی گرتووەتەوە و کۆمپانیاکەش رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ بەگەڕخستنەوەی ئەو بەشانەی ژێرخانەکەی کە تووشی کێشە بوون و بەردەستخستنەوەی سێرڤەرەکان بە شێوەیەکی جیاکراوە، ئەو ئەنجامەی نەبووە کە چاوەڕێ دەکرا.

📌کێشە تەکنیکییەکانی “مایکرۆسۆفت” وایکردووە سەدان ملیۆن بەکارهێنەر نەتوانن دەستیان بە ئیمەیڵەکانیان بگات.

📌ترەمپ: هەڕەشەی ئیخوان زۆر لە سنووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەپەڕێت.

📌جارید کوشنەر، نێردەی ئەمریکا رایگەیاند، رووسیا و ئۆکرانیا رێککەوتوون گەڕی داهاتووی دانوستانەکان فراوانتر بکەن بۆ ئەوەی ئەوروپییەکانیش بگرێتەوە.

📌دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، دەیەوێت پێش ئەوەی پۆستەکەی جێبهێڵێت “کۆتایی بە دۆسیەی کوبا بهێنێت”

📌بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، واشنتن و پەکین تاوتوێی ئەگەری ئەوەیان کردووە پرسی داماڵینی چەکی ئەتۆمی بخرێتە ناو کارنامەی ئەو لووتکە سێقۆڵییەی هەفتەی داهاتوو سەرۆکانی ئەمریکا، چین و رووسیا کۆدەکاتەوە.

📌پەکین ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی دەیەوێت بە بیانووی ئەو بانگەشانەی چین بە درۆیان دەزانێت لەبارەی سیخوڕیکردن بەسەر سەرۆکی کۆمپانیای “ئینڤیدیا”وە، “گەمارۆی تەکنەلۆژی” بەسەر وڵاتەکەدا بسەپێنێت، ئەمەش دوای ئەو راپۆرتانە هات کە باسیان لەوە دەکرد جێنسن هوانگ کراوەتە ئامانجی پلانێکی سیخوڕی بۆ بەرژەوەندیی پەکین.

📌ترەمپ: ئەگەر ئێرانییەکان بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی تیرۆر بکەن، ئەوا دوای ئەوە بوونیان زۆر ناخایەنێت.

📌زێلێنسکی رایگەیاند، گرنگە ئەوروپییەکان لە گفتوگۆکانی داهاتووی ئاشتیدا بەشدار بن و دووپاتیشی کردەوە کە ئەوروپا لە گەڕەکانی داهاتووی دانوستاندا ئامادە دەبێت، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان گەورەترین دەبێت لەوەتەی جەنگ دەستی پێکردووە، هەروەها کۆبوونەوەی زیاتریش دەکەن و هیواخوازە کار بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەیشتن بە ئاگربەست بکەن.

📌ترەمپ، هۆشدارییەکی توندی دایە ئێران و رایگەیاند کە ئەگەر رێکارەکانی ئێستا ئامانجەکانی ئەمریکا نەپێکن، دوودڵ نابێت لە بەکارهێنانەوەی هێزی سەربازی، و رەنگە هەر ئێستاش ئەو بڕیارە بدات، ئاماژەی بەوەش کرد کە رژێمی ئێران لە داڕماندایە و کۆنتڕۆڵی بەسەر گەرووی هورمزدا لەدەستداوە، سەرەڕای ئەوەی لە لێدوانەکانیاندا دەیانەوێت هێزی خۆیان نیشان بدەن.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری سکرتێری گشتیی ناتۆوە بڵاوی کردەوە، زۆر سەختە دیاری بکرێت ئایا لە گەیشتن بە ئاشتی لە ئۆکرانیا نزیک بووینەتەوە یان نا.