دەڵێن زیادەڕۆیە

مێزەکانی لای کۆڕنیشەکەی هەولێر پێچرانەوە

کۆسرەت ئەحمەد – هەولێر

کۆمەڵێک لە کاسبکاران و خاوەن عەرەبانەکانی شەقامی کۆڕنیش لە هەولێر ، سکاڵا لە هەڵمەتی تێکدان و لابردنی شوێنی کارەکانیان دەکەن و دەڵێن بژێویی ژیانیان بڕدراوە و زیانی ماددیی گەورەیان پێگەیشتووە.

شارەوانی چواری هەولێر گەرچی خۆی قسە لەسەر بابەتەکە ناکات، بەڵام تیمی زیادەڕۆی بە پەیامنێری 964یان وتووە، پێشتر ئاگادارکراونەتەوە لەوەی بەزیادەڕۆی لەوێن.

محەمەد ئیسماعیل، کاسبکارە و دەڵێت شارەوانی بە بیانووی دروستکردنی قەرەباڵغی رێگری لە کارکردنیان دەکات، نە هەلی کار هەیە و نە موچە، بەم شێوازەش رێگری لە خەڵکی هەژار دەکەن کە کاسبی بکات و پێمان دەڵێن بڕۆنەوە لە ماڵەوە دانیشن.

عەبدوڵڵا وشیار کاسبکارێکی دیکەیە، باس لەوە دەکات کە شەوانە هاتوون و بەڕادی کارکردنەکەیان پانکردووەتەوە و فڕێیان داوەتە ناو کەندەکەوە، ئەو دەڵێت، بەڕادەکە هی کۆمپانیا بوو و هێشتا پارەکەیم نەدابوو، ئێستا رەنگە نزیکەی ملیۆنێک دینارم لێ داوا بکەنەوە. ئەگەر لە شاری خۆمان نەتوانین کار بکەین و بژین، ناچارین هەولێر بەجێبهێڵین.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا