ئاوی هەولێر راگەیەندراوی بڵاوکردەوە

بەهۆی لێڵیی ئاو وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو لە هەولێر بەکاتی وەستاون

ئەحمەد مستەفا

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و بەرزبوونەوەی ئاستی لێڵیی ئاوی رووبار بۆ 12,400 NTU، گشت وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو کە ئاوی خواردنەوە بۆ شاری هەولێر دابین دەکەن، بە شێوەیەکی کاتی وەستاون.

بەپێی راگەیەندراوەکە، بەرزبوونەوەی ڵێڵیی ئاو لە توانای تەکنیکی وێستگەکانی پاڵاوتن دەرچووە و بۆ پاراستنی تەندروستی هاوڵاتییان، وێستگەکانی ئیفراز 1، 2، 3 و فریاگوزاری وەستاون.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دڵنیایی داوە کە بۆ چەند کاتژمێری داهاتوو، دابەشکردنی ئاو لە رێگەی ئاوە هەڵگیراوەکانی عەمبارەکانەوە بەردەوام دەبێت.

هەروەها تیمە تەکنیکییەکان بەردەوام چاودێری دۆخەکە دەکەن و رایانگەیاندووە، دوای ئاساییبوونەوەی ئاستی لێڵیی ئاو، وێستگەکان دەخرێنەوە کار و دابەشکردنی ئاو دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی.