"خەبەریان کردمەوە و وتیان ماڵت پڕبووە لە ئاو"
لافاو زیانی بە دانیشتووانی رەحیماوا لە کەرکوک گەیاند
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ئەو شەپۆلە باراننارینەی چەند رۆژێک بوو هۆشداری لەبارەوە دەدرا، بێ زیانی تێنەپەڕی و لە کەرکوک ماڵی چەند هاوڵاتییەک پڕبووە لە ئاو.
چەند هاوڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی رەحیماوا قسەیان بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێن، “دەورووبەری کاتژمێر 12ـی شەو بوو لافاو دروستبوو و ئاو چووەتە ناو هەموو ژوورەکانمان، هەرچی ئەشیای کارەبایمان هەیە سووتاوە و زیانیان پێگەیشتووە”.
ئەوان گلەییان لە خزمەتگوزاری و ئەو مقاولانە هەیە کە عەرزەکان دەکڕن و دەڵێن، “هێندە تەماحیان هەیە، رێڕەوی ئاوەکەش دەفرۆشن، بۆیە هەر کە تۆزێک باران دەبارێ، ئاو دەچێتە ناو ئەو خانووانەی کە نزمن”.
هاوڵاتییەک دەڵێ، “شەوی رابردوو لە خەودا بووم، دراوسێکانمان بەسەر دەرگادا هاتوونەتە ژوورەوە و پێیان وتم، هەستە کاکە، ماڵەکەت پڕبووە لە ئاو”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری