عێراق، ئوردن و میسر

هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی بۆڕی نەوتی بەسرە ـ حەدیسە دەستپێدەکرێ

ئەحمەد مستەفا

عێراق، ئوردن و میسر هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆڕی نەوتی “بەسرە ـ حەدیسە” و پەرەپێدانی کەرتی پترۆکیمیا دەست پێکرد، بە ئامانجی فراوانکردنی رێگاکانی هەناردەکردنی نەوت.

ئەمڕۆ دووشەممە، لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا بە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانس، بەرپرسانی سێ وڵات وردەکارییە تەکنیکییەکانی پڕۆژەکە و دروستکردنی پاڵاوگە و کۆگاکانی سووتەمەنییان تاوتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گواستنەوەی پڕۆژەکان لە قۆناغی گفتوگۆوە بۆ جێبەجێکردنی کردەیی و دەستپێکردنی کارەکانی بۆڕی نەوت کرایەوە.

پڕۆژەکە ئامانجی هەناردەکردنی نەوتی عێراقە لە رێگەی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاستەوە هەیە، هەروەها بەشێکە لە ستراتیژیی سێ وڵات بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی وزە، پەرەپێدانی پترۆکیمیا و فراوانکردنی هاوکاریی ئابووری و بازرگانی لە نێوان بەغدا، عەممان و قاهیرە.