ئاڵای ئەمریكا و ئاڵای ئێران - وێنە؛ ئەرشیف
نێوهندگیرانی قهتهڕ له تاران بوون
ئایا ئێران و ئهمریكا دهگهڕێنهوه سهر مێزی گفتوگۆ؟
ئهرسهلان عهبدوڵا
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان باسیان لەوە کردووە، نێوهندگیرانی قهتهڕی وتووێژی ماراسۆنیان لە تاران ئەنجامداوە و هەوڵیانداوە رێگە خۆش بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران و دوورکەوتنەوە لە شەڕ.
سەرچاوە میدیاییهكانی جیهانی ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، نێوهندگیرانی قهتهڕی دوێنێ هەینی زیاتر له 12 سهعات دانوستانیان ئەنجامدا و هەوڵیان دا بگەنە ڕێککەوتنێک کە رێگە خۆش بکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی راستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران و ڕێگری لە شەڕ، لە دوای هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی كۆنگرێسی ئهمریكا، كه چاوهڕوانییهكی زۆری بۆ دهكرێت.
هاوكات بڕیارە ئهمڕۆ شەممە وتووێژەکان لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ درێژهیان پێبدرێت.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئاشکرای کردووه، ناوبژیوانانی قەتەڕی بە درێژایی گفتوگۆکانی ههینی، پەیوەندیی بەردەوامیان لەگەڵ کۆشکی سپیدا ههبوو، دهگوترێت پێشکەوتنی ئەرێنی بەدیهاتووە و گفتوگۆکان بەردەوامن لە هەوڵێک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ دهستپێكردنهوهی راستهوخۆی دانوستانهكان.
بەرپرسێکی ئەمریکی به میدیای وڵاتهكهی رایگەیاندووه، دوو داواکاری دژبەیەک تا ئێستا رێگر بوون لە گەیشتن بە رێککەوتن، ئهوانیش پێداگریی ئیدارەی ترەمپ لەسەر ئەوەی ئێران له پرسی بهرنامهی ئەتۆمی نهرمی بنوێنێت وەک پێشمەرجێک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، لە بەرامبەردا داواکاریی تاران، کە ئەمریکا سەرەتا گەمارۆی دەریایی خۆی هەڵبگرێت و سەروەت و سامانی بلۆككراوی ئێران ئازاد بکات و رێگەی پێبدات نەوت بفرۆشێت.
میدیاكانی ئهمریكا دهڵێن، لەناو بازنەی ناوەوەی سەرۆکی ئەمریکادا، بۆچوونەکان لەسەر رێڕەوی گونجاوی کارکردن جیاوازن، بە وتەی بەرپرسێکی ئەمەریکا، پیت هێگسێس وەزیری جهنگ و مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا زۆر گومانیان هەیە لە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ئەوان پێیان وایە میراتی ترەمپ دەبێت زیاتر لاوازکردنی رژێمی ئێران بێت، لەوانەش لە رێگەی هێرشی سەربازیی زیاترەوە، لەبەرامبەردا جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک کۆمار و نوێنەرەکانی ترەمپ، ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، دەیانەوێت دانوستانەکان دەستپێبکەنەوە، لە کاتێکدا ترەمپ تا ئێستاش بهگومانە لەوەی ئێران بە رێککەوتنێک رازی دەبێت کە بە قبوڵکراوی دەزانێت.
راپۆرتی میدیاكانی ئهمریكا باسی ئهوهشیان كردووه، وڵاتانی ناوچەکە لەوانە، میسر، تورکیا، عێراق، پاکستان و سعودیە، داوا لە ئێران دەکەن رازی بێت بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بەر لە هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی كۆنگرێس له 3.11.2026.
بەرپرسێکی ئەمریکی ئاماژەی بەوەداوه رەنگە ترەمپ زیاتر مەیلی بۆ فەرمانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەرفراوان هەبێت، به تایبهتی ئەگەر کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا تووشی شکستێکی بەرچاو ببن.
ئەو بەرپرسە لە زاری ترەمپەوە رایگەیاندووە، “ئەگەر هەست بە شەرمەزاری بکات یان ئەوەی کە هێڵی کاریگەری لەدەستدابێت، ئەوا شتێکی بوێرانە دەکات.