پێشبینیی 32 هەزار تۆن دەکرێ

سنە بەرهەمی گوێز بەرز دەکاتەوە

ئەحمەد مستەفا

لە پارێزگا کوردنشینەی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە فراوانکردنی رووبەری باخەکانی گوێز بۆ 13 هەزار هێکتار، چاوەڕوانییەکانی بۆ بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە بەرز کردووەتەوە.

پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گوێز لەمساڵدا بگاتە 32 هەزار تۆن، ئەمەش دەتوانێت سنە لە پلەی دووەمی بەرهەمهێنانی گوێز لە ئێراندا جێگیر بکات.

زاهید حاجی میرزایی، بەڕێوەبەری کاروباری باخەوانی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای سنە لە بڵاوکراوەیەکدا کە 964 بینوویەتی دەڵێ، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی باخەکانی ئەم ناوچەیە، کورتبوونەوەی دارەکانی گوێزە، کە پرۆسەی کۆکردنەوەی بەرهەم ئاسانتر و بێمەترسیتر دەکات.

هەروەها، باخەوانان بە جیاکردنەوە و پاکەتکردنی کاکڵەی گوێز، هەوڵ دەدەن بەهای بەرهەمەکە و داهاتی خۆیان زیاد بکەن.

کواێتیی بەرزی گوێزی سنە و بەکارهێنانی شێوازە نوێکانی ئاودێری، رۆڵێکی گرنگیان لە پەرەپێدانی ئەم بەرهەمەدا هەیە و ئێرانیش لە ئاستی جیهاندا لە پلەی سێیەمی بەرهەمهێنانی گوێزدا دێت و تورکیا و عێراقیش لە بازاڕە سەرەکییەکانی کڕینی ئەم بەرهەمەن.