وتەبێژی تیمی پارێزەران بۆ 964:

“داوامان کردووە دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی دوابخرێت”

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی داوایانکردووە، دادگاییکردنەکەی سبەینێی دوابخرێت.

دانا تەقیەدین وتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار بە 964ـی وت، کەمێک لەمەوبەر بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی کردووە کە لە چاکسازی گەورانی سلێمانییە.

ئاشکراشیکرد، داواکاریان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی دادگاییەکەی سبەینێ دوابخرێت و پێیان وتراوە، بەیانی وەڵامتان دەدەینەوە.

وابڕیارە سبەینێ چوارشەممە 28.10.2026 لاهور شێخ جەنگی و چەند کەسێکی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار بەپێی ماددەی 406 لە دادگای 2ـی تاوانەکانی سلێمانی دادگایی بکرێن.

پێشتر و رۆژی پێنجشەممە 14.10.2026 کۆتا دانیشتنی دادگایی لاهور شێخ جەنگی و 11 کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار بەپێی ماددەی 56 لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو و دادگا بڕیارەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە دا؛

-لاهور شێخ جەنگی بە پێنج ساڵ و سێ مانگ زیندانی سزا درا

-پۆڵاد شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزا درا

-رێبوار حامید حاجی غالی بە دوو ساڵ زیندانی سزا درا

-بە بڕیاری دادگا دوو لە گیراوەکان بەناوەکانی (کەیوان محەمەد و عومەر شێخە) ئازاد کران

-ئاراس و رەمەزان، دوو گیراوی دیکەی لالەزار بە بڕیاری دادگا یەک ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزا دران

-گیراوەکانی دیکەی لالەزار بە دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزا دران

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری