هەنگوینی دژی ئیلتهابات و هەناری دەرەجە یەک
لە فێستیڤاڵەکەی پردی دەلال ئەوەی دڵ بیەوێ لێیەتی
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە فێستیڤاڵی هەنار و هەنگوینی زاخۆ ئەوەی دڵ بیەوێ لێیەتی، جۆرە هەنگوینێکی لێیە خاوەنەکەی دەڵێت، دژی ئیلتهاباتە و دوکتۆرەکانیش پەسەندیان کردووە.
ئەیمەن کوچەر هەنگەوانێکی گەنجە و چەندین جۆر هەنگوینی نمایش کردووە، چەند سیسییەک لە هەنگوینی مەلیکە یان بە کورمانجییەکی “خارنا میری”ـی بەدەستەوە گرتووە و دەڵێت، “بە 250 گرام هەنگوین جورعەیەک لەو جۆرە بەرهەم دێت و تایبەت بۆ ئەو کەسانەیە کە مەناعەیان زەعیفە و کێشەی ئیلتهاباتیان هەیە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئاسانی بە هەموو کەسی نافرۆشن و ئەوەی دەیکڕێ دەبێ پێشتر پشکنینی کردبێت.
پێشتر هەنگەوانێکی بەئەزموونی شەقڵاوە، زیرۆ هەرکی بە 964ـی وتبوو کە، “ئەو جۆرە هەنگوینە لە مێشکی سەری فەرخەکان دێتەدەرێ و تەنیا خواردنی شای هەنگەکانە”.
ئەویش وتبووی کە ئەوە دەوای دەردانە بەڵام گرانە و بەهەموو کەس ناکڕدرێ، هەر کیلۆیەکی نزیکەی دەفتەر و نیوێک دۆلار دەکات واتە 15 هەزار دۆلار.
ئەمرۆ دووشەممە 26.10.2026 چوارەم فیستیڤاڵی هەنار و هەنگوین بەبەشداری 40 جوتیار و هەنگەوان لەتەنیشت پردی دەلال کرایەوە و دوو روژ بەردەوام دەبێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری