پیاوێک بیرۆکەکەی خوڵقاندووە
یەکەم فێستیڤاڵی هەنار نزیکەی هەزار سەردانیکەری هەبوو، و تەنیا یەک رۆژ بوو
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
قەیسەر رەحمان، خاوەنی بیرۆکەی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە، دەڵێت ئامانجی سەرەکی لە دامەزراندنی ئەم فێستیڤاڵە، کەمکردنەوەی بێکاری و رێگریکردن لە جێهێشتنی شارەکە لەلایەن دانیشتووانەکەیەوە بووە.
قەیسەر رەحمان ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکەم فێستیڤاڵی هەناریان لە نەمامگەی سیروان ئەنجام داوە و نزیکەی 50 کەپەریان تێدا بەشدار بوون.
بە وتەی ئەو، لە سەرەتای فێستیڤاڵەکەدا سەردانیکەران زۆر کەم بوون و تەنیا دوای ئەوەی میدیاکان راپۆرتیان لەسەر بڵاو کردەوە، ژمارەی سەردانیکەران زیاد بوو، بەڵام کۆی سەردانیکەران لە نزیکەی 1,000 کەس زیاتر نەبووە.
خاوەنی بیرۆکەی فێستیڤاڵەکە، بەردەوامبوونی فێستیڤاڵەکە تا گەیشتن بە ئاستی ئێستای، بەرهەمی هەوڵی تیمی خۆبەخش، بەشداری و بەردەوامی جوتیاران و بەشداریکەران، هەروەها پاڵپشتی حکومەت بووە.
بە وتەی قەیسەر رەحمان، لە پلانی سەرەتاییاندا چاوەڕوانیان دەکرد کە فێستیڤاڵەکە تا ساڵی سێیەم هێشتا سەردانیکەری زۆری نەبێت، بەڵام بەردەوامیی ئەو هەوڵانە وای کرد فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە ناسراو ببێت و بگاتە ئاستێکی نێودەوڵەتی.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا