وەزارەتی ناوخۆی هەرێم:
هیچ درۆن و هێزێکی سەربازیی ئۆکرانیا لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە باس لە هەبوونی درۆن و یەکەی سەربازیی ئۆکرانیا دەکەن لە خاکی هەرێمی کوردستان و ئەو هەواڵانە ناڕاست و بێ بنەمان.
چەند رۆژێکە هەواڵی هەبوونی درۆنی ئۆکرانی و هێزی سەربازی وڵاتەکە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن میدیای ئێرانەوە بڵاودەکرێتەوە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە و دەڵێت: ناڕاست و بێ بنەمان.
وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، “هەڵویستی هەرێمی کوردستان لە ناکۆکییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان سیاسەتی بێلایەنی و خۆبەدوورگرتنە و رەتیدەکەینەوە خاکی هەرێم بۆ هەر جۆرە جووڵەیەکی سەربازی یان دوژمنکارانە دژ بە هەر وڵاتێک بەکاربهێنرێت.”
ئەوەش هاتووە، “پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم لە پێشینەی کارەکانمانە و بە هیچ شێوەیەک رێگە بە تێوەگلان یان پەلکێشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو ململانێیانە نادەین.”
پێش چەند رۆژێک ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران بڵاویکردەوە کە هەزاران درۆن و هێزی سەربازیی ئۆکرانیا لە هەرێمی کوردستان جێگیرکراون، بەڵام دوێنی چوارشەممە باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە عێراق ئەو هەواڵەی رەتکردەوە و وتی: ئەم دەنگۆیانە بەمەبەستی چەواشەكاری بڵاوكراونەتەوە، ئۆکرانیا هیچ جۆرە درۆنێک، یەكەی سەربازی یان كارمەندێكی نە لە هەرێمی كوردستان و نە لە هیچ ناوچەیەكی دیکەی عێراقدا جێگیرنەکردووە.