پاییزی تووڕه‌یی ده‌گاته‌ كوێ؟

له‌ ئه‌وروپا چی رووده‌دات؟

هه‌ژان هادی

لە شەش وڵاتی ئەوروپا خۆپیشاندانی بەرفراوان سەریهەڵداوە و گرژی و ئاڵۆزی و تەنانەت لە هەندێ شوێن تاڵانیشی لێکەوتووەتەوە، داواکاری و ناڕەزایەتییەکانیش جیاوازن، لێرە بە کورتی و بە پوختی پێتان دەڵێین لە کوێ چی روویداوە و ناڕەزاییەتییەکان لەبەر چین:

فەرەنسا

خۆپیشاندانی خوێندکاران لە فەرەنسا لە مانگی پێشووەوە دەستیپێکرد و تا دێت گرژی و ئاڵۆزی زیاتری لێدەکەوێتەوە و تا ئێستا 1800 کەس دەستگیرکراون، خۆپیشاندەران ناڕازین لە کەرتی پەروەردە و رێژەی بەرزی بێکاری لەنێوان گەنجان.

لەکاتی خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بە ماسک و کڵاوەوە، هێرشیان کردە سەر دوکان و فرۆشگاکان و تاڵانیان کردن

ئیتاڵیا

لە دژی گرانیی نرخ و کرێی شووقە و خانوو، نەبوونی گۆڕانکاری لە مووچەدا و هەڵاوسانی ئابووری لە شارە گەورەکانی وەک میلان، تورین، بۆلۆنیا و رۆما خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێوەچوو.

پێکدادان لە چەند ناوچەیەکی میلان پێکدادان لەنێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران روویدا و دەیان کەس دەستگیرکران و چەند کەسێکیش بریندار بوون.

جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا داکۆکی لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە کرد، بەڵام بە توندی توندوتیژییەکانی سەر شەقامی سەرکۆنە کرد.

بەلجیکا؛

خۆپیشاندانی گەنجان و سەندیکاکان لە برۆکسل و لیج بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی تێچووی خوێندن و خانووبەرە.

لە برۆکسل پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان روویدا و پۆلیس گازى فرمێسکڕێژی بەکارهێنا.

ئیسپانیا و پۆرتوگال

خۆپیشاندان دژی قۆرخکاریی خانووبەرە و بەرزبوونەوەی شێتانەی کرێی خانوو لە لیسبۆن و مەدرید سەری هەڵدا و گەنجان و قوتابیان داوا دەکەن سنوورێک بۆ نرخەکانی کەرتی خانووبەرە دابنرێت

ئەلبانیا

خۆپیشاندانی دژ بە حوکمەت و گەندەڵی لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا پەرەی سەند و خۆپیشاندەران ناڕازین لە گرانی کاڵا و پێداویستییەکان و بەرزی تێچووی ژیان، خراپی دۆخی زانکۆکان و گەندەڵی لەنێو حکومەت هەروەها داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئێدی راما، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە دەکەن.