ئەمڕۆ نامەتان بۆ دێ
پسووڵەی 50 هەزار هاوبەشی پڕۆژەی رووناکی خرایە ناو داشکاندنەکەوە
شۆڕش قادری
پڕۆژەی رووناکی ئۆفەرێک دەداتە ئەو کەسانەی پارەیەکی زۆری کارەبایان لەسەر کەڵەکە بووە و دەڵێت، پسووڵەی 50 هەزار هاوبەشی خستووەتە ناو داشکاندنی 50٪ـەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی کارەبای هەرێم، بۆ ئەوەی 50 هەزار هاوبەشی پڕۆژەی رووناکی سوود لە داشکاندنی 50% وەربگرن، پارەی پسوڵەی مانگانەی رووناکییان، کە کۆی گشتی دەگاتە 20 ملیار دینار، گواستراوەتەوە بۆ سەر قەرزی کۆن.
راگەیەنراوەکە دەڵێت، ئەمڕۆ سەیری هەژماری خۆتان لە ئی- پسووڵە بکەن، ئەگەر قەرزی کۆن جارێکی تر لە هەژمارەکەتاندا دەرکەوتووە، ئەوە مانای ئەوەیە کە پسووڵەی مانگانەی رووناکییەکەت گواستراوەتەوە بۆ قەرزی کۆن، بۆ ئەوەی وەک هاوبەشێک سوودمەند بیت لە داشکاندنی 50%ـی کارەبا.
لە هەمان کاتیشدا، ئەگەر خۆت تۆمار کردبێت، لەڕێی کورتانەمەشەوە ئاگادارت دەکەنەوە کە ئەم داشکاندنە دەتگرێتەوە.
ئەم بڕیارە تەنها بۆ ئەو هاوبەشانە جێبەجێکراوە کە ماوەیەکی زۆر بوو پسووڵەیان بۆ نەهاتبوویەوە و ئێستا پسووڵەیەکی کەڵەکەبوویان بۆ دەرچووە بۆ ئەوەی سوود لەو داشکاندنە وەربگرن.
ئەمڕۆ دوادەرەفەتە بۆ داناوەی قەرزی کۆنی کارەبا بە داشکاندنی 50٪ بۆ هاوبەشانی ماڵان و 25٪ بۆ شوێنە بازرگانییەکان، هاوڵاتیان تا کاتژمێر 12ـی شەو کاتیان هەیە بۆ پارەدان و سوودوەرگرتن لە داشکاندنەکە.