دوێنێ شەو چی روویدا؟
توندوتیژییەکانی فەڕەنسا و پێکدادانەکانی سعودیە و حوسییەکان
پەری ساڵح
رووداوە گرنگەکانی ناوخۆ و جیهان گەڕانی زۆری ناوێت، هەر لێرە بە کورتی بۆت باس دەکەین چی روویداوە:
📌درەنگانی شەوی رابردوو لە دۆڵی ئالانە دەنگی درۆن و تەقینەوەیەکی بەهێز بیسترا، تا ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی روونکردنەوەی نەداوە، بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، هێرش هەبووە بۆ سەر کەمپی حیزبی دیموکرات لەو سنوورە.
📌بەهۆی رژانی ئاوی گەرمی سەماوەر بەسەریدا، منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ لە یەکێک لە گوندەکانی قەزای سیدەکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گیانی لەدەستدا.
📌دوێنێ شەو تەقینەوەیەک لە بەغدا روویدا و دەستەی حـ.ـە.شد*ی شـ.ــە.عـ*ـبی رایگەیاند، لەناو کۆگایەکی تەقەمەنیی بووە لەناو بارەگایەکی دەستەکەیان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی قەنات
📌جوتیارێک لە سنوورى تەقتەق دوای ئەوەی لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکەی شەق لە قوتوویەک هەڵدەدات، رووبەڕووی هێرشی زەردەواڵە دەبێتەوە و بەهۆی پێوەدانیانەوە هەر لەوێ گیان لەدەست دەدات.
📌خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا گرژی و ئاڵۆزییەکی یەکجاری گەورەی لێکەوتووەتەوە، بەجۆرێک دوکان و بڕاند و شوێنە گشتییەکان تاڵان دەکرێن و هەندێک لە شوێنە مێژوویەکانیش سووتێندراون، لەوانەش سوتاندنی نووسینگەی گەشتیاری لە شاری لیۆن.
📌بەپێی دواین ئامارەکانی ئاژانسی فرانس پرێس کە لە زاری سەرۆک وەزیرانی فەرەنساوە بڵاوکراونەتەوە، هێزە ئەمنییەکان 1200کەسیان دەستگیرکردووە و 150 پۆلیسیش برینداربوون.
📌ئەم خۆپیشاندانە فراوانانە کە لەژێر ناوی ناڕەزایی دژی گرانبوونی ژیان و تێچووی گوزەران ئەنجامدەدرێت، فرانس پرێس رایگەیاند کە ژمارەی خۆپیشاندەران لە نێوان نیو ملیۆن تا 800 هەزار کەس دەخەمڵێندرێن، ئەمەش ئاستی قووڵایی قەیرانەکە و ناڕەزایی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی فەرەنسی دەردەخات.
📌ئێمانوێل ماکرۆن جەختی کردەوە کە هیچ شوێنێک بۆ توندوتیژی لە فەرەنسا نییە و بەڵێنی دا بە توندی رووبەڕووی “بڵاوکەرەوەی ئاژاوە” ببێتەوە، هاوکات وەزیری ناوخۆش رایگەیاند بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران بەردەوام دەبن.
📌ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی فەرمیی بۆ راگرتنی پاکێجێک لە سزا ئابوورییەکان و باجی گومرگی بەسەر رووسیادا واژۆ کرد، لە بەرامبەردا، دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ پێشوازییان لەم هەنگاوە کرد و بە “ساتێکی مێژوویی” ناوزەندیان کرد
📌سعودیە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئاپاشی لەلایەن حو*سییە*کانەوە رەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە بەزووانە دەچێتە مەیدانەوە، لە کاتێکدا هێرشێکی درۆنی لە ناوچەی ریاز و کەوتنی فڕۆکەیەکی چاودێری لە نەجران پشتڕاستکردەوە، هاوکات مووشەکێکی بالیستیی حو*سییەکا*نیشی لە ئاسمانی خەمیس مەشیت تێکشکاند و لەسەر ئاستی سیاسییش، ئێران پشتیوانیی خۆی بۆ چارەسەرێکی سیاسی لە نێوان سعودیە و حو*سییە*کان دەربڕی.
📌وەزیری جەنگی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند، پێویستە ئێران بە زووترین کات بڕیاری خۆی بدات و یەکێک لەم بژاردانە هەڵبژێرێت؛ یان بە تەواوی دەستبەرداری خواستە ئەتۆمییەکەی بێت یان رووبەڕووی وێرانکارییەکی گەورە ببێتەوە
📌مۆسکۆ: خستنەخوارەوەی 36 درۆنی ئۆکرانیای راگەیاند کە مۆسکۆیان کردبووە ئامانج.
📌رۆبیۆ: هیچ رێنماییەک لە کۆشکی سپیەوە دەرنەچووە بۆ کەمکردنەوەی خێرایی خزمەتگوزاری «ستارلینک» لە ئۆکرانیا.
📌نوسینگەی ناتانیاهۆ دەڵێت: ئەو رەخنە و هەڵمەتە راگەیاندنەیانەی لەسەر بنەمای توندوتیژیی نیشتەجێبووەکان دژی ئیسرائیل دەکرێن، هەڵمەتێکی نادادپەروەرانە و مەبەستدارن بۆ ناشیرینکردنی وێنەی ئیسرائیل، نەک ئەوەی رەنگدانەوەی راستقینەی هەڵسوکەوتی دەوڵەتەکەمان بن.