"بە سەربەرزی دەژیم"

پۆڵاد شێخ جەنگی پەیامێکی لەبارەی زیندانیکردنییەوە بڵاوکردەوە

964+

کاکەلاو عەبدوڵا

پۆڵاد شێخ جەنگی لەدوای سزای زیندانیکردنی بە زیاتر لە سێ ساڵ، پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “بە سەربەرزی دەژیم و بە سەربەرزیش دەچمە زیندان، پەشیمان نیم و شانازی بە خۆم و براکەم، لاهوری شێخ جەنگییەوە دەکەم.”

لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک، پۆستێک بەناوی پۆڵاد شێخ جەنگی بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: من پۆڵادم، بە سەربەرزی دەژیم و بە سەربەرزیش دەچمە زیندان، نە بە منەت ئازاد دەبم، نە بە نرخی فرۆشتنی سەربەرزییەکەم رێکدەکەوم، ئەگەر ئازادی بە منەت بێت، زیندان لەو ئازادییەی بە منەت باشترە.

لە درێژەی پەیامەکەدا پۆڵاد شێخ جەنگی دەڵێت: من پەشیمان نیم چونکە سەربەرزی بە پەشیمانی ناگۆڕدرێتەوە، شانازی بە خۆم و بە براکەم، لاهور شێخ جەنگی، دەکەم. با سێ ساڵ بڕوات، با 30 ساڵیش بڕوات؛ کات دەڕوات، بەڵام سەربەزی نامرێت، ئەوان دەتوانن دەرگای زیندان دابخەن، بەڵام ناتوانن ویژدانێک بکڕن کە بە منەت نەژی.

پێشتریش پۆستێک لە پەیجی فەرمی لاهور شێخ جەنگی بڵاوکرایەوە و نوسرابوو: سەربەرزم و ملکەچی هیچ ئیرادەیەک نەبووم جگە لە ئیرادەی خۆم و پشتم بە خوای گەورە و گەلی کوردستان بەستووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگایی لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی و گیراوانی دیکەی لالەزار لە دادگای دووی تاوانەکانی سلێمانی بەڕێوەچوو کە تێیدا لاهور شێخ جەنگی بە پێنج ساڵ و سێ مانگ زیندانی و پۆڵاد شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزادران.