لە ئەشکەوتی شانەدەر

ئێسکێکی 75 هەزار ساڵە چیرۆکێکی ئاشکرا کرد

ئەحمەد مستەفا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان و زانکۆی کەیمبریجی بەریتانیا، دۆزینەوەیەکی زانستیی گرنگیان لە ئەشکەوتی شانەدەر ئاشکرا کرد کە رووناکی دەخاتە سەر ژیان و ڕەفتاری نیاندەرتاڵەکان.

بەپێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی Scientific Reports بڵاوکراوەتەوە، کونێکی بازنەیی بە پانیی 15 ملم لە ئێسکی شانی نیاندەرتالێک دۆزراوەتەوە، کە تەمەنی ئەم پاشماوەیە دەگەڕێتەوە بۆ 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا.

توێژەران پێیان وایە کونەکە لەلایەن ڕمێکی دارینی تیژکراوەوە دروست بووبێت و ڕەنگە لێدانەکە بە مەبەست ئاراستە کرابێت و بووبێتە هۆی مردنی ئەو تاکە.

لە لایەکی دیکەوە، نیشانەی برینی پێشووی ددانیش لە پاشماوەکەدا دۆزراوەتەوە، بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو تاکە دوای برینەکە لانیکەم ساڵێک ژیاوە و پێویستی بە چاودێری و پشتگیریی ئەندامانی کۆمەڵگەکەی هەبووە.

راگەیەندراوی هاوبەش لەبارەی ئاشکراکردنی ئێسکە دۆزراوەکە؛

دۆزینەوەی مێژوویی لە ئەشکەوتی شانەدەر: ڕاگەیەندراوی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور و زانکۆی کەیمبریج
هەولێر، هەرێمی کوردستان – بەریتانیا
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان و زانکۆی کەیمبریجی بەریتانی بڵاوکردنەوەی ئاشکراکردنی توێژینەوەیەکی زانستیی هاوبەش و کاریگەر ڕادەگەیەنن کە تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە گرنگترین دۆزینەوە شوێنەوارییەکانی سەردەمی پێش مێژوو لە ئەشکەوتی ناسراوی شانەدەردا. ئەم ڕاگەیەندراوە هاوبەشە لە چوارچێوەی ڕێککەوتن و گرێبەستێکی فەرمی و زانستیی نێوان هەردوولا بۆ ئەنجامدانی کاری پشکنیین و هەڵکۆڵینی شوێنەواری لە ئەشکەوتی شانەدەردا دێت، کە بۆ چەندین ساڵە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت.
سەبارەت بەم هاوکارییە زانستە گرنگە، محمد لەشکری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور کە ئاگاداری بەبەتەکەیە و کاری وەرگێڕانی بۆ ئەنجامداوە، ڕایگەیاند:
“هاوکارییە درێژخایەن و بەرهەمدارەکەمان لەگەڵ زانکۆی کەیمبریج و تیمە جیهانییەکەیدا، لە سەرووی هەموویانەوە دکتۆر ئێما پۆمیرۆیی و پرۆفیسۆر گراێم بارکەر، بەردەوامە لە دەرخستنی نهێنییە مەزنەکانی مێژووی مروڤایەتی لە هەرێمی کوردستاندا. ئەشکەوتی شانەدەر تەنها کایەیەکی شوێنەواری نییە، بەڵکو دەروازەیەکی جیهانییە بۆ تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتی، ڕفتارە مرۆییەکان و مێژووی هاوبەشی مرۆڤایەتی. ئێمە زۆر شانازی بەم هاوبەشییە زانستییەوە دەکەین و پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکەین کە شوێنەوارە دەوڵەمەندەکانی ناوچەکەمان بە جیهان بناسێنێت.”
لای خۆیەوە، دکتۆر ئێما پۆمیرۆیی، لە بەشی شوێنەوارناسیی زانکۆی کەیمبریج و سەرۆکی تیمی توێژەرانی پرۆژەکە، جەختی لەسەر گرنگیی ئەم دۆزینەوەیە کردەوە و وتی:
“کارکردن لە ئەشکەوتی شانەدەر لەژێر چەتری ئەم گرێبەستە شوێنەوارییەدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور| بەرێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران لە هەرێمی کوردستان، ئەزموونێکی بێوێنە و پڕ لە دەستکەوتی زانستی بووە. هاوکاری و پشتیوانیی بێوچانی بەڕێوەبەرایەتییەکان ڕێگەی پێداوین بگەیەنین بەم ئاستە وردەی لێکۆڵینەوە و بەڵگەنامەکردن. پاشماوەکانی شانەدەر A تیشکێکی نوێ دەخەنە سەر سروشتی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نیاندەرتالەکان، کە تێیدا توندوتیژی و بەزەیی پێکەوە گرێدراون.”
وردەکاریی دۆزینەوە زانستییەکە: برینێکی کوشندە بە ڕمی دارین لە شانەدەردا
بەپێی ئەو توێژینەوە نوێیەی کە لە گۆڤاری زانستیی (Scientific Reports) بڵاوکراوەتەوە، کونێکی بازنەیی لە ئێسکی شانی (scapula) شانیەدەریەکدا (نیاندەرتال) که تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ ۷٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا و لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە (کە بە شانەدەر A ناسراوە)، ڕەنگە کۆنترین بەڵگەی ناسراو بێت لەسەر توندوتیژیی کوشندەی نێوان مرۆڤەکان بە بەکارهێنانی ڕمی دارینی تیژکراو لە تۆمارە بەبەردووەکاندا.
ئێسکی شانی ئەم شانەدەریە ـ کە بەهۆی ژینگەی ناوازەی ئەشکەوتەکەوە لەژێر حەوت مەتر و نیو لە بەرد و خاشاکدا بە تەواوی پارێزراو بووە ـ کونێکی بازنەیی بە پانیی ١٥ ملم پێوە دیارە، کە بە گوتەی شوێنەوارناسان، لەلایەن ڕمێکی دارینی تیژکراوەوە دروستکراوە، چونکە سەرە ڕمی بەردین یان چەخماخە کونێکی گۆشەدار یان تەخت بەجێدەهێڵێت. توێژەران دەڵێن ئەم لێدانە کوشندەیە ڕەنگە وەک تیرێکی مەبەستدار بەرەو دڵ ئاراستە کرابێت و بووبێتە هۆی مردنی خێرای کەسەکە.
سەرەڕای کۆتاییە توندوتیژەکەی، پاشماوەکانی شانەدەر A نیشانەی تریشیان تێدایە؛ لەوانە شکان و لەتبوونی ددانێک لە دەموچاویدا که نیشانەی لێدانێکی پێشووی سەختە، کەچی کەسەکە لانیکەم بۆ ماوەی ساڵێک یان زیاتر دوای ئەو برینە قورسە ژیاوە. ئەمەش بەڵگەیەکی بێگومانە لەسەر ئەوەی کە ئەم تاکە پێویستی بە چاودێری و پشتگیریی ئەندامانی تری کۆمەڵگەکەی هەبووە بۆ مانەوە، کە نیشاندەری بوونی هاوسۆزی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی قوڵە لەنێوان نیاندەرتالەکاندا.
ڕاگەیاندنی فەرمی و هاوکات
ئەم ڕاگەیەندراوە لەکاتێکدا بڵاودەکرێتەوە که بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق و زانکۆی کەیمبریج لە بەریتانیا، لەسەر بنەمای مەرج و ڕێساکانی بڵاوکردنەوەی زانستی و ڕێککەوتنی هاوبەش، ئەم هەواڵە مێژووییە لە یەک کاتدا بە هەردوو زمانی کوردی (لە کوردستان) و زمانی ئینگلیزی (لە جیهاندا) دەخەنە ڕوو تاوەکو هاوسەنگی و شەفافیەتی زانستی پارێزراو بێت.
ئەم پڕۆژەیە بەردەوام دەبێت لەسەر بنەمای متمانەی هاوبەش و ڕێککەوتنی فەرمی، و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا دۆزینەوەی نوێتر لەسەر ژیان و کەلەپووری مێژوویی ناوچەکە بخرێنە ڕوو.

+964صورة من منصة (شبكة):