"سبەینێ پۆستە بەتاڵەکان پڕدەکرێنەوە"

ئێزیدییەکان داوای پۆستی وزاری لە عێراق دەکەن

964+

کاکەلاو عەبدوڵا

سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانی دۆزی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق داوا دەکات چەند پۆستێکی وزاری بدرێتە بە ئێزیدییەکان.

لە راگەیاندراوێکدا موراد ئیسماعیل، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانی دۆزی ئێزدی دەڵێت: هەرچەندە لە کابینەی نوێدا وەزارەتی نوێ دروستکراون، بەڵام هیچ نوێنەرێکی ئێزدی لە کابینەی نوێدا بوونی نییە.

موراد ئیسماعیل دەشڵێت، “سەرەڕای ئەوەی ژمارەی کورسییەکانمان بەشێوەیەکی راستەوخۆ مافی ئەوەمان پێنادات کە داوای پۆستی وزاری بکەین، بەڵام کۆمەڵگەی ئێزدی کۆمەڵگەیەکی رەسەنی عێراقە و زیاتر لە 700 هەزار دانیشتوانی هەیە.

“وەک هەر پێکهاتەیەکی دیکەی عێراق، ئێزدییەکان مافی ئەوەیان هەیە لە ئاستی وزاریدا نوێنەرێکیان هەبێت کە رەنگدانەوەی رۆڵی دانیشتوانەکەیان بێت،” موراد ئیسماعیل وا دەڵێت.

لەکۆتایی راگەیاندراوەکەدا، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانی دۆزی ئێزیدییەکان داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات چەند پۆستێکی جێگری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی لە کابینەی نوێدا بدرێتە ئێزیدییەکان.

بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە 15.10.2026 پەرلەمانی عێراق بۆ مەبەستی پڕکردنەوەی پۆستە وزارییە بەتاڵەکان و وەزارەتە تازە پێکهێنراوەکان کۆببێتەوە و دەنگ لەسەر کاندیدان بدرێت.