دوو فیلمی نوێی بەدەستەوەیە

شوان عەتوف: لە هەموو عێراقدا فیلمەکەی منیان هەڵبژاردووە و سلێمانی هۆڵیودێکی بچکۆلەیە

964+

دیلان محەمەد- سلێمانی

شوان عەتوف، دەرهێنەری و ئەکتەری دیاری سلێمانی بەبێ گەنجان ئیش ناکات و ئێستاش دەستی قورسە و دەڵێت؛ من ماندوودەبم و دەیکەم و نەک دانیشم و ئیشەکانم بۆ بکرێت.

لەمێژەوە دیلانی پەیامنێری دەیویست بچێتە لای شوان عەتوف و گفتوگۆیەک بکەن، بەڵام رازی نەبوو چونکە هەگبەکەی بەتاڵبوو، ئێستا دەستی قورسە و پڕۆژەی گەورەی بەدەستەوەیە و بۆ 964 دەڵێت: دوو فیلمم بەدەستەوەیە، یەکیان تەواو بووە و ئەوی تریان لە رێگایە، فیلمی “قەفەزی سپی” کە کۆمەڵێک گەنجی بەتوانا رۆڵی تێدا دەبینن، لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات نمایش دەکرێت.

دەربارەی چیرۆکی فیلمەکە باس لەوە دەکات کە لەگەڵ زۆرینەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکدەگرێتەوە بەتایبەت ئەوانەی کێشەی ژن و ئازادیان تێدایە.

“گیای پیرۆز” فیلمی دووەمیانە و بە زمانی کوردی و عەرەبیە و لە عێراقدا لەنێوان 40 فیلمدا هەڵبژێردراوە بۆ لەلایەن دەستەی شاهانەی ئوردنەوە.

شوان عەتوف هەر بە نواندن و دەرهێنان نەناسراوە، بەڵکو هەمیشە بە رەخنەکانیشی دەناسرێتەوە، دیلانیش پرسی رات چیە دەربارەی ئەو هەموو فیلمە کوردیەی ئێستا نمایش دەکرێت، لە وەڵامدا وتی، هەموو کاتێک رەخنە هەیە، بەڵام بە گشتی گەشەکردن لە فیلمی کوردی هەیە و سلێمانی ئێستا هۆڵیودێکی بچکۆلەیە.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح