وتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی لالەزار  بۆ 964:

“ئەگەری زۆرە پێنجشەممە بڕیار لەسەر كەیسەکەی لاهور شێخ جەنگی بدرێت”

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

وتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی لالەزار  دەڵێت، ئەگەری زۆرە پێنجشەممە بڕیار لەسەر كەیسەکەی لاهور شێخ جەنگی بدرێت

بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 15.10.2026  كۆتا دانیشتنی دادگایی لاهور شێخ جەنگی و 11 كەسی دیكە لە دەستگیركراوانی لالەزار بەڕێوەبچێت.

دانا تەقیەدین وتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی لالەزار بە 964ـی  وت، “رۆژی پێنجشەممە كاتژمێر 9ـی بەیانی لەدادگای سلێمانی دانیشتنێكی دیكەی دەستگیركراوانی لالەزار بەڕێوەدەچێت و بەئەگەری زۆرەوە كۆتا دانیشتنی دادگاییەكە دەبێت لەسەر مادەی 56ـی یاسای سزادان و دادوەر بڕیار لەسەر چارەنووسیان واتە بەسزادان یان ئازادكردنیان دەدات”.

روونیشیكردەوە، دانیشتنی ئەمجارە جیاواز دەبێت لە دانیشتنەكانی دیكە و مادەی 56 هیچ رێكارێكی یاسایی تێیدا نەماوە، داواكاری گشتی و تیمی بەرگری دەستگیركراوان نوسراوی كۆتایی دەخوێننەوە و دادوەر دەتوانێت دوای هەڵگرتنی دانیشتنەكە بۆماوەیەكی كاتی و گفتوگۆی نێوان دادوەران، بڕیاری كۆتایی لەسەر كەیسەكە بدات.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری