ئەمشەو بە ئومێدی قەرارەکەی سبەی سەر دەخەنە سەر بالیفەکانیان

دۆلار زیانی زۆری گەیاند و هەندێک لە کاسبکاران کەسابەتیان راگرتووە

شۆڕش قادری

دۆلار زیانی زۆری بە هاوڵاتیان گەیاند و زۆربەی کاسبکاران چاوەڕێی قەرارەکەی سبەینێی حکومەتی عێراق دەکەن.

ئەمڕۆ بەرزبوونەوەی بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بۆ 174 هەزار دیناری عێراقی و زیاتریش خەڵکی کوردستانی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کرد و زۆربەی دوکاندار و کاسبکاران کەسابەتیان راگرت.

لە هەولێر مەعرەزچییەکان زۆربەیان چۆڵ بوون، چونکە وەک خۆیان  دەڵێن، بە دۆلار سەیارەیان کڕیوە و بە دینار دەیفرۆشنەوە خۆ ئەگەر ئەم وەزعە ئاوا بەردەوام بێت، قازانج سەری مایە دەخوات، بۆیە کڕین و فرۆشتنیان راگرتووە و چاوەڕێ دەکەن بەهای دۆلار بێتەوە خوار 160 هەزار دینار.

قەرارە سبەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی و وەزیری دارایی عێراق بچنە پەرلەمان و چارەیەک بۆ وەزعی دۆلار بدۆزنەوە، هاوڵاتیان و کاسبکارانیش ئەمشەو بەو هیوایە دەخەون کە سبەی قەرارێک لە بەرژەوەندی ئەوان بدرێت و بازاڕی ئاسایی ببێتەوە، ئەگەرنا پێدەچێت شڵەژانی زیاتریش دروست ببێت.