شاره‌وانیی هه‌ولێر هۆشداریی به‌په‌له‌ ده‌دات

“كڕین و فرۆشتنی زه‌ویی فه‌رمانبه‌ران رێگه‌پێدراو نییه‌”

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

شاره‌وانیی هه‌ولێر ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 7.10.2026 هۆشدارییه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێن، بە هەموو شێوەیەک کڕین و فرۆشتن بە زەویی فەرمانبەران و زەوی کارتەکان رێگەپێدراو نییە و پێچەوانەی یاسا و رێنماییەکانە، تا ئەو کاتەی سەرجەم مامەڵە و رێکارە یاساییەکانی تۆمارکردن و وەرگرتنی وێنەی تۆماری فەرمی و سەربەخۆ تەواو نەبێت.

هۆشدارییه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر به‌م جۆره‌یه‌:

ئاگادارییەکی گرنگ و بەپەلە لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە

بۆ سەرجەم سوودمەندانی زەویی فەرمانبەران

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر سەرجەم فەرمانبەران و هاوڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە.

دوای بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی 27ی ئاداری 2024 لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، و دواتر دەرچوونی ڕێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی 2024 لە رێکەوتی 31ی ئایاری 2024 کە تایبەتە بە مەرج و رێکارەکانی دابەشکردن بە شێوەی قۆناغ و تیروپشک، ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ رای گشتی ڕوون دەکەینەوە …

1- بە هەموو شێوەیەک کڕین و فرۆشتن بە زەویی فەرمانبەران و زەوی کارتەکان ڕێگەپێدراو نییە و پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەکانە. تا ئەو کاتەی سەرجەم مامەڵە و ڕێکارە یاساییەکانی تۆمارکردن و وەرگرتنی وێنەی تۆماری فەرمی و سەربەخۆ تەواو نەبێت، نابێت هیچ مامەڵەیەکی کڕین و فرۆشتنی لەسەر ئەنجام بدرێت. دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان، زەویەکە دەبێتە موڵکی سەربەخۆی خۆی و ئەوکات مافی کڕین و فرۆشتنی هەیە.

2- بەداخەوە تێبینی کراوە هەندێک لەو فەرمانبەرانەی زەویان بۆ دەرچووە یان ئەوانەی زەوییەکانیان هێشتا بە شێوەی کارتە و تۆمار نەکراوە، دەستیان کردووە بە کڕین و فرۆشتن. ئەم کارە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی و نایاسایی و ئاڵوگۆڕکردنی زەوییەکە لە نێوان چەندین دەست، لە کاتێکدا هێشتا هیچ تەرخانکردنێکی فەرمی لەلایەن شارەوانییەوە بۆ ئەو زەوییانە نەکراوە. بەپێی ڕێنماییەکان، ئەم مامەڵانە بێ بنەما و نایاسایین.

3- داوا لە گشت فەرمانبەران و هاوڵاتییان دەکەین خۆیان بە دوور بگرن لەم جۆرە مامەڵانە. هەروەها داوا لە سەرجەم نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە دەکەین بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، بە پێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیاری یاسایی دەبن.

جێی باسه لە کۆی 82 هەزار ناوی فەرمانبەر لە سنووری سەنتەری شاری هەولێر کە ڕەزامەندییان لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ گەڕاوەتەوە، تا ئێستا لە هەشت قۆناغدا 55 هەزار فەرمانبەر لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر سوودمەند بوون لە وەرگرتنی زەوی، و کارکردن لەسەر قۆناغەکانی داهاتوو بەردەوامە.

راگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر

7.10.2026