مێژووه‌كه‌ی بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

پردێکی مێژوویی لە سلێمانی دەكرێته‌ شوێنێكی گه‌شتیاری

رازاو محه‌مه‌د – سلێمانی

شوێنەواری پردێکی مێژوویی لە چەمی قلیاسان لە شاری سلێمانی له‌ كاتی كاركردن دۆزراوه‌ته‌وه‌، کە مێژووی دروستکردنەکەی بۆ سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی دەڵێت ئەم پردە لە لایەن حاجی مەلا عەزیز قەرەنییەوە دروستکراوە، بە مەبەستی بەستنەوەی شاری سلێمانی بە ناوچەکانی دەرەوەی شار بەکارهاتووە.

هاشم حەمە عەبدوڵا، بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی، بۆ 964 وتی،” پردەکە لە بەردی مەڵکەندی، خشت و قسڵ دروستکراوە و درێژییەکەی لە نێوان 70 بۆ100 مەتر بووە و لە نۆ چاو پێکهاتووە، کە بۆ تێپەڕبوونی ئاوی چەمەکە دروستکرابوون، بەشێکی کەم لە پردەکە تا ئێستا ماوەتەوە و هەندێک لە کەرەستەکانی بنیاتنانەکەی هێشتا دەبینرێن.

بەپێی وتەکانی بەڕێوەبەری شوێنەوار، بریارە ئەو بەشە كەمەی، كە ماوەتەوە نۆژەن بکرێتەوە و یەکێک لە چاوەکانی پردەکەش دووبارە دروست بکرێته‌وه‌، ئەمەش وەك بەشێک لە پرۆژەیەکی گەشتیاری دەبێت کە لە دەوروبەری چەمی قلیاسان جێبەجێ دەکرێت و تێچووی نۆژەنکردنەوەی پردەکەش لەلایەن پرۆژە گەشتیارییەکەوە دابین دەکرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، بەپێی پلانەکان، پردە مێژووییەکە لە داهاتوودا دەبێتە بەشێک لە پرۆژەکە و شوێنێکی گەشتیاری بۆ سەردانیكه‌ران.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا