هێڵی ئاسمانیی عێراق:

لە پێنجشەممەوە هێڵى ئاسمانى عێراق گەشتەکانى بۆ ئێران دەستپێدەکاتەوە

وریا فەتاح

بڕیارە لە رۆژى پێنجشەممەى ئەم هەفتەیەوە، گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکانی هێڵى ئاسمانى عێراقى، بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێبکەنەوە.

بەپێى راگەیەندراوێکى هێڵى ئاسمانى عێراق کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، پلانی نوێی کارپێکردنی گەشتەکان، گەشتی رۆژانە و رێکخراو لەخۆدەگرێت لە نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف و فڕۆکەخانەکانی هەریەک لە شارەکانی (مەشهەد، تاران و ئەسفەهان) لە ئێران.

ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانج لەم هەنگاوە ئاسانکاریکردنە بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و زیارەتکاران، هەروەها دابینکردنی بژاردەی گواستنەوەی ئاسمانیی بەردەوامە لە نێوان عێراق و شارەکانی ئێراندا.

دەستپێکردنەوەی ئەم گەشتانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراقدایە بە مەبەستی کاراکردنەوەی جووڵەی گواستنەوەی ئاسمانی و بەهێزکردنی پەیوەندییە ئاسمانییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە.