وا شوێنی دانیشتن نامێنێ

سەیرانگای ئاوە سپی لە خورماتوو بووە بە زبڵخانە

سیروان خورشید – خورماتوو

لە شوێنێک کە دەبێت بۆ سەیران و ئارامگرتن بێت، خاشاک و پاشماوە وێنەیەکی جیاوازی دروست کردووە.

سەیرانگای ئاوەسپی لە خورماتوو، کە شوێنێکی بەناوبانگی گەشتیارییە، بەهۆی کەڵەکەبوونی خاشاک و پاشماوە رووبەڕووی مەترسیی پیسبوونی ژینگەیی بووەتەوە، ئەم دۆخەش ناڕەزایی سەردانیکەران و هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە.

بەرپرسان، لەسەر ئەوەی کێ بەرپرسی پاککردنەوەیە، یەکدەنگ نین، بەڕێوەبەری شارەوانی خورماتوو بە 964ی وت، پاککردنەوەی شوێنەکە لە ئەستۆی وەقفی شیعییە، لەبەر ئەوەی ئەوان بەرامبەر بە هەر ئۆتۆمبێلێک 1,000 دینار وەردەگرن.

لە بەرامبەردا، قایمقامی خورماتوو بە 964ی وت، خاوێنکردنەوە و خزمەتگوزارییەکانی شوێنەکە ئەرکی شارەوانییە و پێویستە حاویەی گەورە بۆ کۆکردنەوەی پاشماوە دابنرێت.

لە نێوان ئەم ناکۆکییەدا، سەیرانگا بە خاشاک دەشاردرێتەوە و شوێنی دانیشتن بۆ خەڵک کەمتر دەبێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا