"لەکاتی رووبەڕووبونەوە شەهید بوون"

دژەتیرۆری عێراق لەبارەی کوژرانی دوو مێردمنداڵەکەی پردێ راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

964+

کاکەلاو عەبدوڵا

دەزگای دژەتیرۆری عێراق راگەیاندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی پردێ بڵاوکردەوە و دەڵێت، “لەکاتی راوەدوونانی دوو تیرۆریست، دوو هاووڵاتی شەهید بوون” و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ دیاریکردنی ئەوانەی کەمتەرخەمن پێکهێنراوە.

دەزگای دژەتیرۆر لە راگەیاندراوەکەیدا باسی کوژرانی محەممەد هێمن و موراد زانا دەکات و دەڵێت، “هێزێکمان لە ناوچەیکی چڕی دانیشتوان بەدوای دوو تیرۆریست کەوتن، یەکێکیان پشتێنەیەکی بۆمبڕێژکراوی لە خۆی بەستبوو، ئەوی دیکەش چەکدار بوو، بەنیازبوون هێرشێکی چەکداری لە ناوچەکە دژی هاووڵاتییان ئەنجام بدەن، لەکاتی دەستوەردانی هێزەکانمان بۆ راگرتنی تیرۆریستەکان، رووبەرووبونەوە درووستبوو و لە ئەنجامدا تیرۆریستێکیان کوژرا و ئەوەی دیکە دەستگیرکرا، هەروەها بووە هۆی شەهیدبوونی دوو هاووڵاتی و بریندابوونی چوار ئەندامی هێزەکەمان.”

رۆژی یەکشەممەی رابردوو 27-09-2026 لەئەنجامی پێکدادانی دژە تیرۆری عێراق و چەند چەکدارێکی داعش لە سنووری نێوان کەرکوک و پردێ، مێردمنداڵێک بەناوی موراد زانا، کە تەمەنی 14 ساڵ بوو، کوژرا.

محەممەد هێمنی 15 ساڵانیش لە شەوی شەڕەکە بێسەروشوێن بوو، دوای رۆژێک هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە کەسوکاری راگەیاند کە بێن بۆ وەرگرتنی تەرمەکەی، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی کەسوکارەکەی و کاردانەوەیەکی گەورەی لێکەوتووە.

دژەتیرۆری عێراق باس لەوە دەکات، هەر لەدوای رووداوەکە دەستبەجێ بە فەرمانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق لیژنەیەکی هاوبەش بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنرا و لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەری دژەتیرۆریش لیژنەیەک پێکهات بۆ دیاریکردن و لێکۆڵینەوە لەوانەی کەمتەرخەمییان نواندووە.

لەکۆتایی راگەیاندوەکەیدا دژە تیرۆر دەڵێت، “داخی قووڵی خۆمان لەبارەی زیان گەیشتن بە هاووڵاتییان دەردەبڕین و سەرەخۆشی لە کەسوکاری دوو شەهیدەکە دەکەین، جەخت لە پاراستنی هاووڵاتییان و ژیانیان دەکەینەوە پارێزگاریی کردن لێیان لە پارە لە پێشینەکانمانە.”