دوێنێ شەو چی روویدا؟
داخستنی کۆڕەک بەردەوامە و گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان نەجەف و فڕۆکەخانەکانی ئێرانیش دەستیانپێکردەوە
ژووری هەواڵ
لە دوێنێ شەوەوە تا ئەم بەرەبەیانییە هەرچی هەواڵ و پێشهاتی گرنگی ناوخۆ و دەرەوە هەیە کورت و پوخت لێرە بیخوێنەوە؛
📌کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، دادگای بەرایی رەسافە لە بەرژەوەندیی ئەوان بڕیاری داوە و بەپێی بڕیارەکە، هەڵوەشاندنەوەی تاکلایەنەی گرێبەستەکە لەلایەن دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقەوە هەڵوەشاوەتەوە و گرێبەستەکەی نێوانیان دووبارە کارا کراوەتەوە
📌دەستەى راگەیاندن و گەیاندنى عێراق، وەڵامى کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆمى دایەوە و وتی، داخستنی کۆڕەک بەردەوام دەبێت، تا بڕیارێکی روونی دادگا دەردەچێت و کۆڕەک هەر نووسینگەیەک بکاتەوە لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت
📌هێڵی ئاسمانیی عێراقی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان نەجەف و فڕۆکەخانەکانی ئێرانی دەستپێکردەوە.
📌سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هیچ بنکەیەکی سەربازیی بیانی لەسەر خاکی عێراق نییە و هێزە ئەمنییەکانی خۆمان لە سەرتاسەری عێراقدا جێگیرکراون و دوای ئەمەش پەیوەندیمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەگۆڕێت بۆ هاوبەشییەکی دوولایەنەی جیاواز
📌ئاژانسی “سانا” بڵاویکردەوە، بەهۆی کردەوەیەکی تێکدەرانەوە، ئاگر لە هێڵێکی گواستنەوەی غاز لە نێوان ناوچەی شوڵا و شاری دێرەزوور کەوتووەتەوە.
📌ئاژانسی هەواڵی ئێران بڵاویکردەوە، دەنگی تەقینەوەیەک لە دوورگەی قشم بیستراوە
📌”مارکۆ رۆبیۆ”ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دا، هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان، کاردانەوەی توندی لێدەکەوێتەوە.
📌مارکۆ رۆبیۆ بە کەناڵی فۆکس نیوز: ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاراستنی گەرووی هورمز.
📌وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ نێوەندگیەرەکاندا گفتوگۆیان کردووە لەسەر کۆمەڵێک پێشنیار بۆ ئەوەی پێشکەشی ئەمریکای بکەن.
📌ماڵپەڕی “ئەکسیۆس” لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ترەمپ ئامادەیە لە بەرامبەر پێشکەوتنی راستەقینە لە دۆسیەی ئەتۆمیدا، سزاکانی سەر ئێران کەم بکاتەوە و پارە بلۆککراوەکانیشیان بۆ ئازاد بکات.
📌دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: هیچ پێشنیارێکم بۆ ئێران نەکردووە و راپۆرتەکەی ئەکسیۆس درۆیە.
📌ترەمپ ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە گوایە پێشنیاری فرۆشتنی چەکی ئەمریکی بە “شی جین پینگ”ی سەرۆکی چین کردبێت، ئەوەش دوای ئەوەی لێدوانێکی باڵیۆزی ئەمریکا لە پەکین مشتومڕێکی زۆری دروست کرد.
📌رۆژنامەی “وڵ ستریت جورنال” بڵاویکردەوە، گواستنەوەی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمز و رێگە جێگرەوەکانیدا گەیشتووەتە نزیکەی %80ـی ئاستی پێش دەستپێکردنی جەنگ.
📌میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، سەرەڕای بوونی گفتوگۆی ئەرێنی لە رێگەی نێوەندگیەرەکانەوە، بەڵام واشنتن بەهۆی کردەوەکانی پێشووی ئێران گومانی لە جدیبوونی هەیە. هەردوولا هێشتا لەسەر کاتی جێبەجێکردنی هەنگاوەکان ناکۆکن و تا دۆسیەی ئەتۆمی یەکلایی نەکرێتەوە، هیچ رێککەوتنێک ناکرێت.
📌کۆریای باکوور رایگەیاند، رەزامەندیی ئەمریکا لەسەر دروستکردنی ژێردەریایی ئەتۆمی لەلایەن سێئولەوە پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و بەڵگەیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی واشنتن چەکی ئەتۆمی بڵاو دەکاتەوە.
📌کەناڵی “ئەی بی سی نیوز”: کۆگایەکی گەورەی زانیارییەکانی کارمەندانی پێنتاگۆن کە زانیاریی هەستیاری تێدایە، هاککراوە.
📌وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، وەزیر بێسێنت داوای لە حکومەتی لوبنان کردووە ئەو تۆڕە داراییانە رابگرن کە سەر بە ئێران و حـ.*زبوڵـ.*ڵان.
📌سەرۆکی ئۆکراینا ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی رایگەیاند، ئێستا زیاتر لە 8 هەزار سەربازی کۆریای باکوور لە رووسیا هەن و خۆشیان بۆ ناردنی 10 هەزاری تریش ئامادە کردووە.
📌ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی رووسیا فەرمانی بە زیادکردنی 15 هەزار و 500 سەربازی دیکە بۆ ناو سوپاکەی دا، کە ئەمە چوارەم بڕیارە لەو جۆرە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەری بکات.
📌وەزیری جەنگی ئەمریکا، پێت هێگسێت، چەند هەفتەیەک بەر لە رۆژی دەنگدان، پلانی پاراستنی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی راگەیاند.
📌سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، موشەکێکی بەرگرییان ئاراستەی “ئامانجێکی ئاسمانیی گوماناوی” کردووە کە بەسەر ناوچەیەکدا لە باشووری لوبنان دەرکەوتووە.
📌بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، سوپای ئەسیوپیا کۆنترۆڵی شارۆچکەی “ئالاماتا”ی لە هەرێمی تیگرای باکووری وڵاتەکە کرد.