100 هەزار خوێندکارى عێراقى لە ئێرانە

باڵیۆزى عێراق لە تاران؛ راگرتنی گەشتەکان کاتییە و لەسەر هێڵین بۆ دەستپێکردنەوەی

وریا فەتاح

باڵیۆزی عێراق لە تاران دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان کە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران کاتییە و ئاشکراشی دەکات کە حکومەتی عێراق لە پەیوەندی چڕدایە بۆ ئەوەی بە زووترین کات گەشتەکان ئاسایی ببنەوە.

یاسر حەجاج، باڵیۆزی عێراق لە تاران بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراقی راگەیاند، راگرتنی گەشتەکان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر قوڵایی پەیوەندییە مێژووییەکانی هەردوو وڵات نییە، حکومەتی عێراقیش بەردەوامە لە جوڵە و هەوڵەکانی بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە لە پێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەردوولا.

وەک ئەوەى باڵیۆزى عێراق روونى دەکاتەوە، هۆکاری پەلەکردنیان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان تەنیا پەیوەست نییە بە کەرتى گەشتیارى، بەڵکو پەیوەندی بە ژیانی توێژێکى فراوانی عێراقییەکانەوە هەیە، لە ئێستادا نزیکەی 100 هەزار خوێندکاری عێراقی لە دامەزراوەکانی خوێندنی ئێراندان، سەرباری بوونی سەدان هەزار عێراقی کە لەو وڵاتە نیشتەجێن و رۆژانە هەزاران کەس لە نێوان هەردوو وڵاتدا هاتوچۆ دەکەن.