دوێنێ شەو چی روویدا؟
خۆپیشاندەرانی پێنجوێن بڵاوەیان پێکرا و عەلی زەیدیش لە نیویۆرک لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ کۆبووەوە
ژووری هەواڵ
نەمان هێشتووە هیچمان لەدەستچێ، لە دوێنێ شەوەوە تا ئەم بەرەبەیانییە چی رووداو و هەواڵی گرنگ هەیە بە کورت و پوختی لێرە بۆمان کۆکردوونەوەتەوە:
📌خۆپیشاندەرانی پێنجوێن بۆ رۆژی دووەم لە دژی بڕیاری بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا و رەتکردنەوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی رووناکییە لە شارەکەیان لەسەرشەقام مانەوە و ربۆ ئێوارەش سفرە و خوانیان هێنایە سەر شەقام و زیاتر لە هەزار و 200 خۆپیشاندەر بەیەکەوە نانی ئێوارەیان خوارد و دواییش کردیان بە هەڵپەڕکێ و سوور بوون لەسەر مانەوە و وتیان، چۆڵی ناکەین تا داواکانمان جێبەجێ دەکرێت.
📌بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ و لە نزیکی کاتژمێت 4:30 خولەک، هێزێکی زۆری ئەمنی دای بەسەریاندا و بەزەبری هێز بڵاوەی بە خۆپیشاندەران کرد و شەقامەکەی پێ چۆڵکردن و رێگەکەش بەڕووی هاتوچۆدا کرایەوە.
📌عەلی زەیدی لە نیویۆرک لەگەڵ مارکۆ روبیۆ کۆبووەوە و جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی کۆنترۆڵکردنی چەک و رێگریکردن لە ئەنجامدانی هێرش لە خاکی عێراقەوە.
📌عەلی زەیدی بە “نیویۆرک تایمز”ی راگەیاند: پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی چەک لە عێراق لە ماوەی 90 رۆژی داهاتوودا دەست پێدەکات و دەبێت تا 30 حوزەیرانی داهاتوو هەموو گرووپەکان چەکەکانیان رادەست بکەن، ئەگەرنا دوای ئەو وادەیە هەر گرووپێک بە نایاسایی دەناسێنرێت
📌ئاژانسی فەرەنسا پرێس لە زاری سەرچاوەیەکی حکومییەوە بڵاویکردەوە، عێراق کارکردنی ئەو هێڵە ئاسمانییە ئێرانییانە رادەگرێت کە کەوتوونەتە بەر سزاکانی ئەمریکا.
📌ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا بۆ بەشداریکردن لە 83ـەمین کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە نیویۆرک
📌عەباس عێراقچی لە نیویۆرک رایگەیاند: دۆخەکە بە کردەیی هێشتا وەک جەنگ وایە و هەندێک وڵاتیش وادەزانن مافی ئەوەیان هەیە هەرچییەکیان بوێت بیکەن.
📌جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کەناڵی “نیوز ماکس”: بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە، ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نییە و ئامانجی ترەمپیش ئەوەیە رێگری لە پەرەپێدانی ئەم بەرنامەیە بکات.
📌جەی دی ڤانس: ئێران بەرپرسە لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بەهۆی هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکان کار بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی هاتوچۆی نەوت لە گەرووی هورمز دەکات.
📌چوار کەناڵی گەورەی ئەمریکا بۆ پشتیوانی لە “سی ئێن ئێن”، پەخشی هاوبەشی هەواڵەکانی ترەمپیان راگرت.
📌فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، تا 21ـی سێپتێمبەر رێڕەوی 110 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی گەمارۆی سەر ئێران.
📌بەپێی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی، دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە هۆشداری دەدەن لەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن گەیشتووەتە لوتکە و ئیسرائیلیش خۆی بۆ ئەگەری پەرەسەندنی ململانێکان لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات.
📌ترەمپ دەڵێت، خاوەنی پێشەنگی لە زیرەکی دەستکرد، براوەی جیهان دەبێت و بەڵێنیشیدا رێگری لە پەرەپێدانی ئەم تەکنەلۆژیایە نەكات، کە بە گەورەتر لە شۆڕشی پیشەسازی و ئینتەرنێت ناوی بردووە.
📌کۆمەڵەی حەوت وێڕای بە مەترسیی زانینی دۆخی یەمەن بۆ ئاسایشی جیهانی، داوایان لە ئێران کرد پشتیوانیی سەربازیی حوسییەکان رابگرێت و پێداگریشییان کرد کە حوسی*ەکان دەستبەجێ هێرش بۆ سەر کەشتییە مەدەنییەکان رابگرن.
📌سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئاشکرای کرد، فەرەنسا سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژە بڕیارێکە لە ئەنجومەنی ئاسایش تایبەت بە گەرووی هورمز.
📌نەواف سەلام جەخت لەسەر پێویستیی مانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە باشووری لوبنان دەکاتەوە و هۆشداری دەدات لە هەر بۆشاییەک لەدوای کۆتاییهاتنی ئەرکی “یونیفێڵ”.
📌وەزیری دەرەوەی لوبنان لە دانیمارک داوا دەکات نەتەوە یەکگرتووەکان رێگە نەدات هێزە نێودەوڵەتییەکان لە باشووری لوبنان بکشێنەوە.
📌رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەوە بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئۆکرانیا لە ئیرلەندا لەگەڵ بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) کۆبووەتەوە.