یەک دانەی بە 250 دینارە

نیو سەدەیە تەمەن لەگەڵ دروستکردنی گسکی دەستی بەسەردەبات


سیروان خورشید – خورماتوو

پورە خەدیجە، کە تەمەنی لە سەروی حەفتا ساڵیە و دانیشتووی گەڕەکی رزگاری خورماتووه‌، هێشتا بە هەمان تین و گەرمی جارانەوە لەبەردەم دەرگای ماڵەکەی دانیشتووە و سەرقاڵی فرۆشتنی ئەو گسکانەیە کە بە دەست و پەنجەی خۆی دروستیان دەکات.
ئەم ژنە زەحمەتکێشە نزیکەی پەنجا ساڵە ئەم پیشەیە دەکات و کارەکەی بووەتە سەرچاوەی ژیانی خێزانەکەی.
ئەو ماوە ماوە، رێگەی قەرەتەپە دەگرێتە بەر و دەچێتە ناو چەم و دۆڵ و ناوچە شاخاوییەکانی ئەو ناوچەیەی کە دەکەوێتە سنووری خانەقین و گوڵاڵە بۆ کۆکردنەوەی جۆرە گژوگیایەکی تایبەت کە بۆ دروستکردنی گسک بەکاردێت و بە داس گژوگیاکە دەبڕێت و دواتر لەبەر هەتاو دایدەنێت تا بە تەواوی وشک دەبێتەوە، پاشان بە شێوازێکی رێک بەشبەشی دەکات و دەیبەستێتەوە تا دەبێتە گسکی ماڵانی ئامادە بۆ فرۆشتن.
پورە خەدیجە دەڵێت، مانگانە چەند جارێک روو دەکەینە سنووری قەرەتەپە و برایم سەعید، ئەم رێگایەش بۆ ئێمە رۆژێک دەخایەنێت و دووری رێگاکە نزیکەی پێنج کاتژمێرە بە رۆیشتن و هاتنەوە.
ماوەی دروستکردن و وشککردنەوەی بەرهەمەکەی چەند رۆژێکی دەوێت، پێش کۆکردنەوە و بڕینەوە، دەبێت بۆ ماوەی حەوت رۆژ لەبەر هەتاو دابنرێت تا بە تەواوی وشک دەبێتەوە و پاشان دەبەسترێت و دەفرۆشرێت.
ئەو باس لەوە دەکات کە پێشتر بازاڕی کڕین و فرۆشتنی گسک زۆر باش بووە، بەڵام ئێستا بەهۆی بڵاوبوونەوەی گسکی کارەبایی و مۆدێرنەوە، خەڵک کەمتر گرنگی بە گسکە دەستییەکان دەدەن و لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت، ئێستاش ئەم بەرهەمەی من کڕیاری خۆی هەیە و جگە لە خورماتوو، لە شارەکانی دیکەشەوە بۆی دێن و تەنانەت بۆ دەرەوەی وڵاتیشم ناردووە.
کارەکەی قورسە و کچ و ژنانی ئەم سەردەمە بەزەحمەت دەتوانن ئەنجامی بدەن، بەڵام چونکە خۆیان خولیای ئەم پیشەیە بوون، بۆیە تا ئێستاش پێیان دەکرێت و بەردەوامن لەسەری.
پورە خەدیجە دەڵێت، ئەو گژوگیایەی کە گسکەکەی لێ بەرهەم دێت، لە دەشتودەر و ناوچەکانی خۆیاندا ناڕوێت، چونکە پێویستی بە خاک و ئاوێکە کە رێژەی تەڕییەکەی زۆر بێت.
ئەو دەڵێت، زیاتر لە وەرزی هاوین و گەرمادا دەست بەم پیشەیە دەکات، بەتایبەت لە مانگی حەوتەوە تا کۆتایی وەرزی هاوین.
گسکەکانی بە نرخێکی هەرزان دەفرۆشێت و دەڵێت، دانەی بە 250 دینار دەفرۆشم و ئەگەر کەسێک زۆرم لێ بکڕێت، شەش دانەی بە هەزار دینار دەدەمێ.
لەگەڵ هەموو ئەم کارە دەست و رەنجەشانەیە، قورسیی ژیانیش تواناکانی کەم کردووەتەوە و دەڵێت، جەستەم شەکەتبووە و تواناکەی جارانیشم نەماوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا