پارە بۆ پرۆژە خەرج ناکەن

چەند گەڕەکێکی شاری کەرکوک مەترسی دروستبونی لافاویان لەسەرە

کاروان ساڵحی – کەرکوک

بەهۆی نەبونی بودجە بەهەمان شێوەی ساڵانی رابردوو گەڕەکی شۆراو و چەند گەڕەکێکی دیکەی کەرکوک مەترسی لافاوی لەسەرە و بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆی کەرکوکیش هەر لە ئێستاوە هۆشداری دەدەن.

زاگرۆس جان وەلی بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی کەرکوک بە 964ـی وت، ساڵانە بەر لەوەرزی زستان هەڵمەتی پاکردنەوەی تۆڕەکان ئەنجامدەدەن، بەڵام ئەمساڵ بەهەمان شێوەی ساڵانی رابردوو لافاو دروست دەبێت، چونکە داوای بڕی 50 ملیار دیناریان کردبوو بۆ ئەنجام دانی ئاوەڕۆی سندوقی بەڵام  وەزارەتی پلاندانان بەهۆی نەبونی بودجە پرۆژەکەی ئەنجام نەداوە.

وتیشی، ئەو گەڕەکە زیادەڕۆیانە پێشتر چەم و شیو بوون پڕ کراوەنەتەوە فرۆشراون بۆ چارەسەرکردن و رێگری کردن لە لافاو دوو رێگە چارە لەبەردەیانە یا دەبێت خانووە زیادەڕۆکان بڕوخێندرێت یاخود پارە بۆ پرۆژە سەرفبکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە گەڕەکی شۆراو بەدیاری کراوی لە دوو شوێن مەترسی ئاو بەرزبوونەوە هەیە ئەوەیش نزیک قوتابخانەکە کە ساڵی رابردوو ژنێک گیانی لەدەستدا و هەروەها پشتی کۆلێژی کشتوکاڵ، هەروەها گەڕەکی پەنجا عەلی کە سەرەتای چەمەکە 200 مەتر پانتایەتی بەڵام کە گەیشتە ناو ماڵەکان نیو مەتری لێ دەمینێتەوە، هەروەها گەڕەکی عەسکەری و سەیادە و عەمەلە شەعبی.

پێداچوونەوە: توانا نەقی