لە هەولێر

هۆڵی شانۆگەری پیانۆ پڕ بینەر و پێکەنینە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

شانۆی پیانۆ لە هەولێر و لە هۆڵی رۆشنبیری بەڕێوەبەرایەتی سینەما بۆ ماوەی هەفتەیەك پێشكەش دەكرێ، شانۆکارانی شانۆییەکە دەڵێن، پێکەنین هۆڵەکەی پڕ کردووە.

پێشتر لە سلێمانی و دواتر هێنرایە هەولێر، شانۆکارەکان دەڵێن، هەولێر و سلێمانی هەردووك تایبەت بوو بۆ شانۆگەرییەكە، بڕیار وایە تا 12.9.2026 شانۆییەکە رۆژانە لە هەولێر نمایش بکرێ.

هاوبیر زارین رۆڵی سەرەكی هەیە لەشانۆگەری پیانۆ بۆ 964 وتی، پیانۆ شانۆگەرییەكی كۆمەڵایەتی كۆمیدیە چێژی زۆری هەیە بۆ بینەر من رۆڵەكەم پارێزەرێكە كە داوایی راستی و دادپەروەری دەكات رەنگدانەوەی كۆمەڵگایە، چونکە هەمیشە شەڕ دەكرێت لەسەر ئەوەی حەقیقەت وەك خۆی بگات.

ئەژدەر سازگار شانۆکار بە 964ی وت، من رۆڵی سكرتێری پارێزەرێكم دەبینی كە هەمیشە داوای دادپەروەری دەكرد، زۆر دڵخۆشین بە بینەری هەولێر كە رۆژانە هۆڵەكەمان پڕ دەكەن لە پێكەنین.

لەبارەی شانۆگەریییەکە، شوان کەریمى دەرهێنەر قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت، شانۆگەرییەکە رەخنەگرتنە لە چینى سەرەوەى دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکان، بەڵام لەبارەى جیاوازى لەگەڵ پابلۆ دەبێت بینەر بڕیارى لێ بدات.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا