بە گۆرانى داوا لە دەلاکەکەى دەکات سەرى بۆ چاک بکات

“حەمە گیان ئیشەکە مەکە بە گەمە”؛ ئەو ڤۆیسەى بووە ترێندى سۆشیال میدیا

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

لە ماوەى رابردوودا، نامەیەکی دەنگی بەشێوەیەکی بەربڵاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنى و بووە یەکێک لە دیارترین ترێندەکان. 964 کەسەکەى دۆزیوەتەوە و ڤۆیسەکەى پێکردووە بە گۆرانى.

لە نامە دەنگییەکەدا، کەسێک بە ئاوازێکی زۆر خۆش و بە شێوەزاری شیرینی هەولێری، داوا لە (حەمە)ـی سەرتاشی دەکات کاتی بۆ دابنێت، بە گۆرانییەوە پێی دەڵێت: کاکە حەمە گیان ئیشەکەى مەکە بە گەمە سەر و ردێنم زۆر هاتووە حەمە مودەرەجەیەکى جوانم لۆ بکە حەمە”.

نامە دەنگییەکە زۆر بڵاوبووەوە، بەڵام کەس نەیدەزانى ئەو دەنگە کییە. پەیامنێری 964 بەدواداچوونی کرد و خاوەنی دەنگەکەی دۆزیەوە، کە ناوی (بڕیار کەمال)ـە.

بڕیار، کەسێکى دەنگخۆش و گفت و لفت شیرینە، بە پێکەنینەوە بۆ 964 چیرۆکی ڤۆیسەکەی گێڕایەوە و وتی: “ئەو نامە دەنگییەم دوو ساڵ لەمەوبەر بۆ دەلاکەکەم نارد، تەنیا وەکو گاڵتەیەک و داواکردنی کاتێک بۆ سەرچاککردن.”

وەک ئەوەى بڕیار باسى دەکات، هەرگیز نەیزانیوە ئەو نامە دەنگییە رۆژێک بێت ئاوا لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوببێتەوە، وەکخۆى دەڵێت،”بتەقێتەوە”.

ئەو هەر لە ڤۆیسەکەى نا، بەڵکو لە ژیانى ئاسایى خۆیشیدا خاوەن دەنگێکى خۆشە و گۆرانییەکى نوێش بۆ 964 دەڵێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح