"نازانین کەوتووە یان خنکاوە"
تەرمی گەنجەکەی خەرەندی رواندز هێنرایە خوارەوە
964+
ئاکام غەفور- سۆران
تەرمی ئەو گەنجەی دوو رۆژە بێ سۆراغە لە خەرەندی رواندز لەلایەن هاوڵاتیانەوە دۆزرایەوە و ئەو هاوڵاتیەی چووەتە سەر تەرمەکەی دەڵێت: لەسەر دەم کەوتبوو وەک ئەوەی نوێژ بکات، دەستی راستی لەسەر دەستی چەپی بوو.
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بۆ 964 وتی، جارێ قورسە بڕیار بدەین و دەبێ راپۆرتی لێکۆڵینەوەی پزیشکی دادی یەکلایی بکاتەوە خنکاوە یان کەوتووە، تیمەکانمان بە درێژایی شەو بەدوایدا گەڕاون، ئەم چەند رۆژە سێ کەیسی ونبوونمان هەبووە، بەداخەوە کە ئەم گەنجەیان تەرمەکەی دۆزراوەتەوە، تەندروستی ئەو گەنجەی تریشییان کە بەهەمان شێوە بۆ راوەماسی چووە تەندروستی جێگیرە.
ئەم گەنجە تەمەنی نزیکەی 25 ساڵە و عادەتی بووە کە هەفتانە بۆ راوەماسی چووەتە سەر رووبارەکە، ماوەی دوو رۆژە بێ سۆراغ بووە، هاوکات لەگەڵ ئەودا گەنجێکی تریش لە مێرگەسۆر ونبووە و هەر دوێنێ بەبێ هۆشی دۆزراوەتەوە.
شایەتحاڵ و ئەو کەسەی سێیەم کەس چووەتە سەر تەرمەکە دەڵێت؛ براکەم خەوی دیبوو، یەکسەر وتی ئەمرۆ تەرمەکەی دەدۆزینەوە و کە چووینە سەری گیانی لەدەستدابوو، بەڵام لەسەر دەم بوو دەستی راستی لەسەر دەستی چەپی بووە وەک ئەوەی نوێژ بکات.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح