نزیکە لە 98 دۆلار

نرخی نەوت هەروا بەرزدەبێتەوە

توانا نەقی

لەگەڵ بەردەوامی هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر یەکتر، نرخی نەوت زیاتر بەرزبووەوە و ئەمڕۆ هەر بەرمیلێک لەسەروو 97 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 8.9.2026 و لەکاتی کردنەوەی بازاڕی جیهانیی نەوت، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 97 دۆلار و 70 سەنت دیاری کراوە و نرخەکەی بەراورد بە شەوی رابردوو بەڕێژەی 0.70٪ بەرزبووەتەوە.

هاوکات نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساس بە 93 دۆلار و 08 سەنت مامەڵە دەکرێت و ئەویش نرخەکەی بەڕێژەی 1.60٪ بەرزبووەتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت کە چەند رۆژێکە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەریهەڵداوەتەوە و ئاستی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بەشێوەیەکی مەترسیدار دابەزیوە،.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش لە دوایین لێدوانیدا هەڕەشەی وەشاندنی گورزی توند لە ئێران دەکات و ئێرانیش دەڵێت ئەمجارە نەک تەنیا هورمز قەدەغە لەسەر ناوجەکانی دەرەوەی هورمزیش دادەنێن.