"بڕیارێکى سیاسییە"
کاتژمێر 8 بۆ 8ـى دەلاکەکان؛ بە دڵى موشتەرییەکان نییە
964+
ئەحمەد محەمەد- سلێمانى
دیاریکردنی کاتی نوێ بۆ کردنەوەی سەرتاشخانەکان و راگەیاندنی رۆژی هەینی وەک پشووی فەرمی، بووەتە جێی باسوخواسی گەرمی ناو بازاڕی سلێمانی و کاردانەوەی تەواو جیاوازی لێکەوتووەتەوە.
دوای ئەوەی بە دەنگی زۆرینەی حەلاقەکان بڕیاردرا کاتی کارکردنیان تەنیا لە کاتژمێر 8ـی بەیانی تا 8ـی شەو بێت و هەینییەکانیش دوکانەکانیان دابخەن، مایکی 964 چووە ناو بازاڕی سلێمانی بۆ ئەوەی بزانێت خەڵکی شارەکە چۆن دەڕواننە ئەم بڕیارە نوێیە.
هاوڵاتییان بەسەر دوو بەرەی جیاوازدا دابەش بوون، بەشێکیان بەتەواوی پشتگیریی بڕیارەکە دەکەن دەڵێن: “حەلاقەکانیش وەک هەر کەسێکی دیکە ماندوو دەبن و پێویستە رۆژانی هەینی پشوو بدەن و لەگەڵ خێزانەکانیان بن”.
بەڵام لە بەرامبەردا، رەخنەی توندیش هەیە، هاوڵاتییەک بڕیارەکە بە “بڕیارێکی سیاسی” ناودەبات و پێی وایە پێویست ناکات بەو شێوەیە کات بەسەر پیشەوەراندا بسەپێنرێت.
بڕیارەکە کێشەى بۆ هەندێک لە هاوڵاتیان دروستکردووە و یەکێک لەو کەسانە دەڵێت: من بە رۆژ هەرگیز کاتی سەرچاککردنم نییە ئەوەش کێشەیە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح