"با وەرەقەکەمان لێرە بۆ بکرێت و نەچینە کەلار"

لە پێنجوێن ئەو شۆفێرانەی بەرهەمی کشتوکاڵی دەبەنە شارەکانی خوارووی عێراق گردبوونەوە

بڕوا مەجید – پێنجوێن

بەشێک لە شۆفێرانی بارهەڵگر کە بەرهەمی ناوخۆی پێنجوێن دەبەنە شارەکانی خوارووی عێراق لە بەردەم عەلوەی پێنجوێن گردبوونەوە و داوکاریان ئەوەیە کە وەرەقەی کشتوکاڵیان هەر لە پێنجوێن بۆ بکرێت.

بەختیار قادر سەرۆکی ئەنجومەنی جوتیارانی پێنجوێن بە 964ـی وت، “بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 6.9.2026 شۆفێری بارهەڵگرەکانی عەلوە ئەوانەی بەرهەمی پێنجوێن دەبەن بۆ خوارووری عێراق گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی”.

“ئەو شۆفێرانە داوادەکەن وەرەقەی کشتوکاڵی مۆڵەت پێدراوی بەرهەمەکەیان وەک پێشوو لە عەلوەی پێنجوێن پێبدرێت کە ئێستا ناچارن بۆ ئەوە رێگایەکی دوورودرێژ ببڕن و بچنە کەلار و لەوێش ماتڵ دەبن”، بەختیار قادر وای وت.

شۆفێرەکان نزیکەی 400 کەس دەبن و بەرهەمەکانی کاڵەک و شووتی و بیبەرو تەڕوتۆڵە دەبەنە شارەکانی خوارووی عێراق.

بەختیار قادر دەڵێت، کاتی خۆی ئەو وەرەقەیان بۆیە بۆکردن کە بەرهەمی خۆماڵی جیابکرێتەوە لە بەرهەمی هاوردەکراو، لەبەر دوو هۆکاریش ئیشەکە برایە کەلار، یەکەم کشتوکاڵی پێنجوێن کارمەندی کەمە و فریای ئەو کارە نەدەکەوت و دووەمیش، وەرەقەکە تا دەگەیشتە بازگەکانی کەلار دەستکاری دەکرا و فرتوفێڵیان تێدا دەکرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، خۆپیشاندانەکە دوای چەند کاتژمێرێک کۆتایی هاتووە و لەگەڵ قایمقامی پێنجوێن لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەدان و دەیانهەوێ ئیشەکە بهێننەوە پێنجوێن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری