چوار کەس برینداربوون
لە سیتەک شەڕ لە نێوان شاگردی دوو چێشتخانە روویدا
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
نوێ کرایەوە؛ 22:43
ئاری لەتیف وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964ـی وت، لە شەرەکەی سیتەک لە هەردولا خەڵک دەستگیر کراوە و پەراوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.
هەواڵی سەرەتا؛
لە سیتەک شەڕ لە نێوان شاگردی دوو چێشتخانە روویداوە و ئەوەی تائێستا زانراوە چوار کەس بریندارن، بەڵام بریندارەکان سووکن و تەق و تۆق رووینەداوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 4.9.2026 لە یەکێک لە چێشتخانە بەناوبانگەکانی سیتەک ئاهەنگی جەژنی لە دایکبوونی تیابووە و یاری ئاگرین بەکارهێنراوە، پارچەیەک لەو یارییە ئاگرینانە کەوتووەتە بەردەم چێشتخانەکەی بەرامبەر و ئاگر کەوتووەتەوە، بەهۆی ئەوەوە ژمارەیەک لە شاگردەکانی هەردوولا بووەتە دەمەقاڵێیان و شەڕ گەورە بووە، چوار کەس لە هەردوولا بەهۆی دار و بەرد و بۆکسەوە برینداربوون و زوو هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنەکە و کۆنترۆڵیان کردووە.
هەموو ئەم زانیارییانە 964 لە سەرچاوەیەکەوە دەستی کەوتووە کە بەهۆی ئەرکەکەیەوە ئاگاداری رووداوەکە بووە.
سیتەک شوێنێکی گەشتیارییە و باخ و چێشتخانەی زۆر تێدایە و دەکەوێتە باکووری خۆرهەڵاتی سلێمانی، لە ناوەندی شارەوە نیو سەعاتێک بە سەیارە دوورە.