هونەرمەندێکی گەرمیان بۆ لەتیف هەڵمەت:
“وەک کوڕ و کچی خۆی، لەناخەوە گریاین و قژیشمان رنییەوە”
میلاد جەلال – کفری
نووسەر و هونەرمەندانی گەرمیان هاوخەمیان بۆ لەتیف هەڵمەتی شاعیر دەربڕی و دەڵێن، ئەگەرچی نەمانتوانی لەسەر قەبران لەگەڵی بین، بەڵام وەک کوڕ و کچی خۆی، لەناخەوە گریاین و قژیشمان رنییەوە.
ئەمڕۆ هەینی 4.9.2026 هاوشاریانی لەتیف هەڵمەت لە کفری، لەخەمی لەدەستدانی هاوسەرەکەی کۆبوونەوە و پرسەیان بۆ دانا.
پرسەکە بە بەشداری نووسەران و رۆشنبیران بەڕێوەچوو، لە پرسەکەیدا سمکۆ سابیر ھونەرمەندی دیاری گەرمیان بە 964ـی وت،”لەتیف ھەڵمەت لانیکەم 50 ساڵە خزمەتی ئەدەبی کوردی دەکات و بەرھەمی بەھەموو گەلی کورد بەخشیوە، ھەموومان قەرزاری ئەوین، ئەنجامدانی ئەم پرسەیە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییە و خەڵکی کفری بە لەتیف هەڵمەتیان وت تۆ بێ کەس نیت”.
“ئەگەر چی لەسەر قەبران و پرسەکەی سلێمانی لەگەڵی نەبووین، بەڵام ئێمە و کچ و کوڕەکانیشمان لە ناخەوە بۆی گریاین و قژیشمان رنییەوە”، سمکۆ سابیر وای وت.
دوێنێ پێنجشەممە 3.9.2026 سورەیا شێخ عەلى هاوسەری لەتیف هەڵمەتی شاعیر دوای 16 ساڵ ململانێ لەگەڵ شێرپەنجە، کۆچی دوایی کرد، سورەیا خانم ساڵى 1954 لە گەڕەکى مەڵکەندى شارى سلیمانى لە خانەوادەیەکى ناودارى شارەکە لەدایکبووە و لە ساڵى 1979، لەگەڵ لەتیف هەڵمەتى ئامۆزاى هاوسەرگیریى کردووە، ساڵى 2010 تووشى نەخۆشی شێرپەنجە بوو.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری