راگەیەندرا
“گەورەترین ڕستەی بەدرەختچێنراو” زانکۆی سلێمانی ناوی چۆتە کتێبی گینسەوە
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
ئەمڕۆ پێنجشەممە (3ی ئەیلوولی 2026)، لە دەستکەوتێکی مێژوویی و ژینگەیی بێوێنەدا، بە فەرمی ناوی زانکۆی سلێمانی چووە ناو کتێبی پێوانەیی گینسەوە.
هۆکاری تۆمارکردنی ناوی ئەم ناوەندە ئەکادیمییە، دەگەڕێتەوە بۆ سەرکەوتنیان لە دروستکردنی “گەورەترین ڕستەی بەدرەختچێنراو” لەسەر ئاستی جیهان. پڕۆژەکە بە چاندنی شەش هەزار نەمام لە جۆری (مۆرد) جێبەجێ کراوە، کە بە شێوازێکی ئەندازەیی و ژینگەیی ناوی زانکۆکەیان بە ئینگلیزی (University of Sulaimani) پێ نەخشاندووە.
یادگار فایەق، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیای ئەسێ، کە سەرپەرشتی و هەماهەنگی پڕۆژەکەیان کردووە رایگەیاند: “لە رێگەی یەکێک لە کۆمپانیاکانمانەوە ماوەی ساڵێکە سەرقاڵی هەماهەنگین لەگەڵ زانکۆی سلێمانیدا بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئەم کارە گەورەیە.”
ئاماژەی بەوەشدا کە کارەکان پێشتر تەواو بوون و وتی: “لە رێکەوتی (26ـی ئابی 2026)، توانیمان خەڵاتەکە لە نووسینگەی فەرمی گینس لە شاری دوبەی وەربگرین، بەڵام ئەمڕۆ بە فەرمی لەم کۆنفرانسەدا وەرگرتن و بردنەوەی تۆمارەکە ڕادەگەیەنین.”
وەک یادگار فایەق باسی دەکات،ئەمە تەنیا ریکۆردێک نییە، بەڵکو هاوکارە لەوەی کە ناوی هەرێمی کوردستان بچێتە سەر نەخشەی جیهان وەک ناوچەیەک کە رێز لە ژینگە دەگرێت و خاوەنی کۆمەڵگەیەکی ژینگەدۆستە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح