دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا - وێنە؛ ئەرشیف
"هێرشەکان گەورە و بەهێزن"
ترەمپ: ئێران وەڵام بداتەوە زۆر بەسەختی و توندتر لێیان دەدەین
شۆڕش قادری
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران گەورە و بەهێزن و ئەگەر تاران وەڵام بداتەوە، زۆر بە سەختی و توندتر لێیان دەدەن.
ترەمپ لە تازەترین پۆستی خۆیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال بڵاویکردەوە، دەڵێت، “هەر ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئامانجەکانی ئێران لە نزیک گەرووی هورمز دەدات، هێرشەکان گەورە و بەهێزن و وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ ئەو هەوڵە شکستخواردووەکەی ئێرانییەکانە کە بۆ زیادکردنی مینی دەریایی بۆ گەرووەکە ئەنجامیان دا، کە لە ئێستادا هیچ مینێکی نییە (بە تەواوی لابراون یان تەقێنراونەوە!)، هەروەها ئێرانییەکان هەشت موشەکیان ئاڕاستەی بنکە سەربازییەکانمان لە ئوردن کرد، کە هەموویان تەقێنرانەوە و سەرکەوتووانە خرانە خوارەوە”.
“ئەگەر وڵاتە شکستخواردووەکەی ئێران وەڵامی ئەم هێرشانە بداتەوە، ئەوا جارێکی دیکە و زۆر بە سەختی و توندتر لێیان دەدرێتەوە، بە جۆرێک لێیان دەدرێ کە شتێکی زۆر کەم لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەمێنێتەوە”، ترەمپ وادەڵێت.
چەند کاتژمێرێکە بەردەوام دەنگی تەقینەوە لە شارەکانی بەندەرعەباس، قەشم، سیریک، جاسک، کێنارەک و چابەهار و چەند شوێنێکی دیکە لە باشووری ئێران دەبیسترێ و فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکاش (سێنتکۆم) دەڵێت، هێزەکانیان دەستیان کردووە بە لێدانی ئامانجەکانی سوپای پاسدارانی ئێران.