پۆلیس بۆی گەڕاندەوە

ویستی سوود لە داشکاندنی قەرزی کارەبا ببینێت؛ لەناو پاسێکدا 5 ملیۆن دیناری لێدزرا


وریا فەتاح

هاوڵاتییەک کە بڕی زیاتر لە پێنج ملیۆن دیناری پێبووە بۆ ئەوەی قەرزی کارەبا بداتەوە و سوود لە هەڵمەتی داشکاندنی حکومەت ببینێت، لەناو پاسێکدا لە قەزای سەیدسادق پارەکەی لێدەدزرێت، بەڵام پۆلیس دوای ماوەیەکی کورت تۆمەتبارەکە دەستگیر دەکات و پارەکە دەدۆزێتەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەو هاوڵاتییە بڕی پێنج ملیۆن و 60 هەزار دیناری عێراقی خستووەتە ناو جانتاکەی و چووە تاوەکو قەرزی کرێی کارەباکەی بداتەوە. مەبەستی سەرەکیی ئەو هاوڵاتییە ئەوە بووە پەلە بکات و سوود لەو بڕیارە ببینێت بۆ داشکاندنی قەرزی کارەبا، کە ماوەکەی دیاریکراوە و لە (4.8.2026) دەستیپێکردووە و تەنیا تاوەکو (10.9.2026) بەردەوام دەبێت، بەڵام لەکاتی سەرکەوتنی بۆ ناو پاسێک، تەواوی پارەکەی لەناو جانتاکەیدا لێدزراوە.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەوەی هاوڵاتییەکە سکاڵای تۆمارکرد، دەستبەجێ بڕیاری دادوەر وەرگیرا. مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق دوای لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی پێویست، توانییان بە خێرایی ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکەن و دەستگیری بکەن.

لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا، هێزەکانی پۆلیس توانییان دەست بەسەر تەواوی ئەو پارە دزراوەدا بگرن، کە تۆمەتبارەکە فێڵی کردبوو و پارەکەی لەناو پارکێک لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی شاردبوویەوە بۆ ئەوەی نەدۆزرێتەوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، تۆمەتبارەکە ناوی (ک. س. ع)ـە و لەدایکبووی ساڵی 1999ـە، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (450) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و رێکارە یاساییەکانی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.