"لەکاتی نوێژ گوێمان لە زرمەیەک بوو"

شایەتحاڵێکی تەقینەوەکەی هەڵەبجە باسی ساتی رووداوەکە دەکات

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

شایەتحاڵێکی تەقینەوەکەی هەڵەبجە باسی ساتی رووداوەکە دەکات و دەڵێت، لەکاتی نوێژدا گوێیان لە زرمەیەک بووە، کاتێک چوونەتە شوێنەکە، دوو کەسی نزیکیان گیانیان لەدەستداوە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 31.8.2026 لە گەڕەکی مۆردانەی هەڵەبجە تەقینەوەیەک روویدا و دوو گەنج بەناوەکانی نەوزاد مارف و سەرهەنگ کەبیر گیانیان لەدەستدا.

شێرزاد نوری لە کەسوکاری ئەو دوو گەنجە بە 964ـی وت، “دوو کەسی ئازیزمان لەدەستدا، بەیانی ئەمڕۆ یەکێکیانم لە بازاڕ بینی و نازانم چۆن بووە چوونەتە ئەو شوێنە و دەستکاری گولـلەتۆپیان کردووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە رووداوەکە هەر ئەو دوو گەنجە گیانیان لەدەستداوە و هیچ کەسی دیکە بریندارنەبووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری